نوچە
ئەندامێکی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، رێگە نادەین، كە پرۆسەی ئەمریكی لە عیراق لەرێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و عەدنان زورفی پاڵێوراو بۆ پێكهێنانی حكومەتەوە تێپەڕێت.
کەریم علێوی، ئەندامێکی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عیراق، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ناكرێت رێگە بە تێپەڕاندنی پرۆسەی ئەمریكی لە عیراق بدرێت، ئەویش لەرێگەی عەدنان زورفی و بەرهەم ساڵح-ەوە، ئەو پرۆژەیە بە مردوویی لەدایك بووە و هەر سەرۆك وەزیرانێك پێویستە لەرێگەی فراكسیۆنە شیعیەكانەوە بێت بە پێچەوانەی ئەوەوە ناكرێت تێپەڕێنرێت. هەرچەندە ئەمریكا و چەند لایەن و كەسایەتییەكی سەر بەو وڵاتە، هەوڵ بدەن”.
علێوی گوتیشی “زورفی هیچ چانسێكی نەماوە و لەئێستادا پێویستی بە موعجیزە هەیە، بۆیە پێویستە بە زووترین كات داوای لێبوردن بكات، ئەوەش بۆ ئەوەی، كە چیتر پێكهێنانی حكومەت دوانەكەوێت، مانەوەی تەنها بە فیڕۆدانی كاتەو هیچی تر”.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشی دکاتەوە، کە رەتكردنەوەی زورفی لەلایەن پێنج كوتلە شیعیەكەوە پەشیمان بونەوە نییە لێی، هەڵوێستەكە لەرێگەی رێكەوتنی هێزە شیعیەكانەوە بووە كە ناوبراو رەتدەكەنەوە، كورد و سونەش لەوە ئاگادار كراونەتەوە و ئەوانیش رێزی بڕیاری لایەنە شیعیەكان دەگرن و پشتگیری هەر رێچكەیەك دەكەن كە یەكڕیزی نیشتمانی هەبێت.