نوچەنێت
پسپۆڕانی خۆپاراستنی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان داوادەکەن، لە نەخۆشخانەکان دابمەزرێندرێن و لە هەڵمەتی خۆپارێزی و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشداربن.
دیلمان دڵشاد ، نوێنەری پسپۆڕانی خۆپاراستننە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: زیاتر لە ٢٥٠ دەرچووی تەندروستی کۆمەڵگەهەیە، ماوەی چوار ساڵە دەرچووین و هیچ رۆڵێکمان پێنەدراوە و دانەمەزرێندراوین، هیوادارین هەرچی زووە دابمەزرێندرێین و بەشێك بین لە سەربازانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.
دیلمانن دڵشاد دەڵێت: وەک دەزانن بەهێزترین چەکی دژی کۆرۆنا بریتییە لە خۆپارێزی، وەک پسپۆڕی خۆپاراستن دەبێت گرنگترین رۆڵیان پێبدرێت و لە نەخۆشخانەکان بەشداربن لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دەقی بەیاننامەی پسپۆرانی خۆپاراستن:
بەڕێزان..
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە
بەڕێوەبەرە گشتییە بەڕێزەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، راپەڕین و هەڵەبجە
ئێمە وەک پسپۆڕانی خۆپاراستن لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلیمانی، دهۆک، هەڵەبجە و راپەڕین) کە ژمارەمان زیاتر لە ٢٥٠ دەرچووی تەندروستی کۆمەڵگەیە، لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارییەتی و هەستیاری دۆخی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لەم کاتەدا کە هەموو جیهان تووشی بەڵایەکی گەورەی دژی تەندروستی بووەتەوە کە کۆرۆنایە و باشترین چەکی دژی ڤایرۆسەکە خۆپارێزییە، دەمانەوێت بێینە نێو کایەی خزمەتکردن بە هاونیشتمانییانی خۆمان و بەشداربین لەم جەنگەی دژی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە.
داواکارین لە بەڕێزتان رێگەمان پێبدەن وەک شارەزاترین کەس لە بوارەکە کە پسپۆڕیمان خۆپارێزییە، بێنە سەر هێڵ و هاوکاربن لەگەڵمان بۆ ئەوەی دەست بە کارکردن بکەین لە بواری هۆشیاری تەندروستی، خۆپارێز و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەکان.
ئێمە ماوەی ٤ ساڵە دەرچووین لە کۆلێژ، بەڵام هیچ گرنگی بە تواناکانمان نەدراوە و دانەمەزراوین، داواکارین لەم دۆخەی ئێستادا ئێمە وەک دەرچووانی خۆپارێزی بهێنە نێو جەنگەکە، دابمەزرێندرێین و رۆڵمان پێبدرێت لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ ئەوەی پێکەوە بە سەرکەوتووانە و بە کەمترین زیانی گیانی ئەم دۆخە تێبپەڕێنین.
٢٥٠پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستی