نوچە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەدات، بەتایبەت سلێمانی و داوا لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکات، رێکاری تووندتر بەرامبەر بە سەرپێچیکاران بگرنەبەر.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایدەگەیێنێت: “بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵکشاندایە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەک پێویست هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناکرێت و رێکارەکان لەلایەن ژمارەیەک خەڵکەوە جێبەجێ ناکرێن و پێشێلکاریش لە خاڵە سنوورییەکان بەردەوامە “.
مەسروور بارزانی داوا لە هەموو هاوڵاتیان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات “پابەندی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بن، بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێت”.
سەرۆکوەزیران دەڵێت “سەرەڕای ئاگادارکردنەوە و گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان لەلایەن دامودەزگاکانی حکومەتەوە، بەداخەوە هێشتا لەلایەن هەندێک کەسەوە سەرپێچیکردن بەردەوامە و بەو رەفتارەشیان نەک هەر ژیانی خۆیان بەڵکو ژیانی کەسوکاریان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە”.
لە پەیامەکەیدا مەسروور بارزانی رایدەگەیێنێت “هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت ئەوە ناهێنێت ژیانی خۆتان و خەڵکیش بخەنە مەترسییەوە. لێرەدا بەپێویستی دەزانم دامودەزگاکانی پەیوەندیداری حکومەت رێکاری تووندتر بەرامبەر بە سەرپێچیکاران بگرنەبەر و ئەوانەی یاری بە ژیانی خەڵک دەکەن رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە”.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا مەسروور بارزانی هیوادەخوازێت “هاوڵاتیانی خۆشەویستیش مەترسی ئەو پەتایە زیاتر بە جیدی وەرگرن. ئەوەی لەسەر حكومەت بووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین، بەڵام پێویستە هەموومان هاوکاری یەکدی بین، رۆڵی حکومەت و هاوڵاتیان لەم دۆخەدا تەواوکەری یەکترە”.
بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان “توانای سیستەمی تەندروستی هەرێمی کوردستان سنووردارە و لەکاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە کێشەکان زیاتر دەبن و ئەو کاتیش گلەیی فریای کەس ناکەوێت. هەر بەهەند وەرنەگرتن یان کەمتەرخەمییەک دەتوانێت ئەنجامی کارەساتباری هەبێت. لەسەر هەموو کەس و لایەنێک پێویستە واز لە بەرژەوەندیی تایبەت بهێنن و خەمی گشتیی خەڵکی کوردستان بکەن بە خەمی خۆیان، چونکە کەس لە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بەدەر نابێت”.
مەسروور بارزانی جارێکی دیکە “تکا لە هەموو هاوڵاتیانی کوردستان” دەکات “بە هەستێکی بەرپرسیارانە رینماییەکان رەچاو بکەن و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان و هاونیشتمانیان بپارێزن. تکاتان لێدەکەم لەم ماوە دیاریکراوەدا لەماڵەوە بمێننەوە و کەمترین پەیوەندیی و هاتوچۆتان هەبێت”.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا سوپاسی خۆڕاگریی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت “سوپاس و پێزانینم ئاراستەی تیمە تەندروستییەکان و ئەو پزیشک و پەرستارانە دەکەم، کە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەن. سوپاسی هێزەکانی ناوخۆ و کارمەندانی شارەوانی و کارەبا و هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەکان دەکەم کە شەو و رۆژ لە پاراستنی خەڵک و جێبەجێکردنی رێنماییەکان بەردەوامن. خوای مەزن هەموولایەک بپارێزێت و کوردستانمان لە هەموو ناخۆشییەک بەدوور بگرێت”.