نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نرخی هەر پشکنینێکی کۆرۆنا کە بۆ هاوڵاتیان دەکرێت لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ دۆلارە.
ئەگەرچی هەرێمی کوردستان، زوو رێوشوێنی پێویست بۆ تەشەنە نەکردنی پەتای کۆرۆنا، گیرایە بەر بەڵام بەهۆی هاوسنوری لەگەڵ ئێران، خەڵكێک توشبووە هەشیانە دوای گەڕانەوەی کەرەنتینە دەکرێن و پشکنینی پێویستیان بۆدەکرێت. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: تێچووی ئەم پشکنینانە زیاتر لە ١٠٠دۆلارە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند”تائێستا لە هەرێمی کوردستان، لە سێ تاقیگەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک پشکنینی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت، ئەو تاقیگانە توانای دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بەوردی هەیە، ئەگەر هاتوو پێویستبکات بۆ پشتڕاستکردنەوە تێستەکەی دەی نێرێن بۆ بەغدا”.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی، ئاماژە بە تەکنینی پشکنینەکە دەکات”ئەو پشکنینانە ئێستا لە کوردستان هەیە و ئەو تەکنیکەی بەکاری دەهێنین پێی دەڵێن، ڕییەڵ تایم پیسی ئاڕ (ئاڕ پیسی ئاڕ) ئەم تەکنیکە لە هەموو تەکنیکەکانی دیکە وردترە و لەسەر ئاستی جیهان بەکار دەهێندرێت”.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی ئەوە رادەگەینێت، کە”بەشێوەیەکی گشتی لەڕووی تاقیگەوە و کارمەندەوە کەمو کوریمان نییە، بەڵکو لەڕووی پێداویستی تاقیگەوە هەندێجار کێشەمان دەبێت، بۆنمونەوە کە پەتایەکی وەک کۆرۆنا سەر هەڵدەدات، پێویستی بەهەندێک کەلوپەلی تایبەتی دەبێت، ئەو کەلوپەلانەش هەتا دەگاتە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ ناتوانرێت زوو بەردەستبکرێت”.
سەبارەت بە نرخی تێچووی هەر تێستێکی کۆرۆنا، د،محەمەد قادر دەڵێت”دیاریکردنی تێچووی ئەو پشکنینانە بەوردی کارمەندانی ئەو تاقیگانە دەزانن، بەڵام بەو پێیەی کۆرۆنا ڤایرۆسێکی نوێیە بە مەزەندەی خۆم، تێچووی هەر پشکنینێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بۆ هاوڵاتیان دەکرێت لەنێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ دۆلارە”.