شلێر سەعید- هەولێر
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بازرگانی ئاشكراى كرد، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا نزیکەی ۱۲٤ کەس و کۆمپانیا بەبڕی ۱٤ ملیۆن و ٦۷۵هەزار دینار ئەو لایەنانە سزادراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە (۱۸ – ۳- ۲۰۲۰ ) کەمال مسلم ، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم وبەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، سەردانێکی مەیدانی بۆ بازارە ڕێگە پێدراوەکانی ناو شاری هەولێر ئەنجام دا .
لە لێدوانێکی تایبەت، سەردار قوربانی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکان وەزارەتی بازرگانی، بەنوچەی ڕاگەیاند : سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم وبەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، سەردانێکی مەیدانی بۆ بازارە ڕێگە پێدراوەکانی ناو شاری هەولێر ئەنجام دا.
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی سەردار قوربانی گوتی: مەبەست لە سەردانەکەی وەزیری بازرگانی وپیشەسازی بۆ بەشێک لە دوکان و عەلوە ومارکێتەکانی شاری هەولێری پایتەخت، بۆ ئەوەبوو لە نزیکەوە چاوی بە خاوەن دوکانەکان بکەوێت و لە ڕەوشی پڕۆسەی بە بازار کردن و خواستی هاووڵاتیانی بکۆڵیتەوە، هەروەها دڵنییایی دایە هەموو لایەک کە ڕەوشی ئاڵ و گۆڕی بازرگانی ئارامەو سەرجەم پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە دووکانەکاندا لەبەر دەستدا هەن .
سەردار قوربانی، جەختی لەسەر هەڵواسینی نرخەکان کردەوە بۆ ئەوەی بەرچاوی کڕیارەکان روون بێت و ڕاشیگەیاند: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن بازرگانەکان یاری بە نرخەکان بکەن .
سەبارەت بە ئەگەری سەرپێچێیەکان، بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان وەزارەتی بازرگانی دەڵێت: لە ماوەی یەک مانگی رِابردوو، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و بازرگانی حکومەتی هەرێم کە دابەشبوە بەسەر پارێزگاکان هەولێر و سلێمانی و دهۆک و گەرمیان، نزیکەی ۱۲٤ کەس و کۆمپانیا بە بڕی ٦۸ هەزار تۆن و دووسەد کیلۆغرام مەوادی ماوە بەسەرچوو دەست بەسەر داگیراوە و بەبڕی ۱٤ ملیۆن و ٦۷۵هەزار دینار ئەو لایەنانە سزادراون .



