نوچەنێت
سەرۆکی دادگای تاوانی هەولێر، داوا دەکات بەزووترین کات یاسایەکی لێبووردنی گشتی دەربکەن.
دادوەر عەبدولباست فەرهادی، سەرۆکی دادگای تاوانی هەولێر، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک داوای لە پەرلەمان و حکومەت دەکات، هەرچی زووە یاسای لێبوردنی گشتی بۆ هەندێ لە زیندانیکراوان دەربکەن.
عەبدولباست فەرهادی نوسیویەتی: ھەرچەندە رەوشەکە لەڕووی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لەدەست دەرنەچووە، گرتووخانە و زیندانەکان سەلامەتن، کەسانێکی گیراو یان حوکمدراوی وای تێدایە تاوانی بەئەنقەستیان نەکردووە یان بارودۆخێکی دژوار تێیوەگلاندوون، ئەگەر پەتا بڵاوبووەوە و تووشبوون و گیانیان لەدەستدا ھەستی ئێمەی دادوەر چی دەبێ؟ بۆیە لەسۆنگەی بەرپرسیاریەتیم بەرامبەر خودا و ویژدانی خۆم وەک مرۆڤێک پێش دادوەربوونم داوا لە دادوەران دەکەم گفتوگۆ لەسەر زەرورەتی دەرکردنی یاسایەکی لێبووردن بکەین.
دەقی نامەکەی دادوەر فەرهادی
خۆشەویستان لەم بارودۆخە ناخۆش و دژوارە کەسانێکی زۆر ھەن بەھۆی تاوانکردن و ھەڵسوکەوتی تاوانکارییان ئێستا بە بڕیار و فەرمان و حوکمی ئێمە وەک دادوەر و بەپێی یاساکان گیراون یا حوکم دراون لە کونجی گرتووخانە و زیندانەکان رۆژ و شەو دەکەنەوە، ھەرچەندە ئێمەی دادوەر لەگەڵ دەرکردنی یاسا و بڕیاری لێبووردنی گشتی نین و نەبووین لەبارودۆخی ئاسایی، چونکە بەچاوی خۆمان دەبینین زۆربەی ئەوانەی سوودمەند بووینە لە یاساکانی لێبووردنی گشتی و تایبەت پاش ماوەیەکی کەم تاوانیان ئەنجامداوەتەوە ئەگەر تاوانی گەورەتر و ترسناکتریان ئەنجام نەدابێ ھۆکاریش زۆرن بۆ دووبارە تاوانکردنیان. من لێرە دەمەوێ گفتوگۆ لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێستا بکەم لەسەرتاپای جیھان و بێدەسەڵاتی وڵاتەزلھێزەکان و دەستەوەستانیان بەرامبەر ڤایرۆسێکی بەچاو نەبینراو وەستانی جوڵە و بازرگانی و دامودەزگاکان. سوپاس بۆ خوا کە تا ئێستا رەوشەکە لەڕووی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەدەست دەرنەچووە لە ھەرێمی کوردستان، گرتووخانە و زیندانەکان سەلامەتن، بەڵام خوا نەخواستە ئەم پەتایەی لێ بڵاوبێتەوە کەسانێکی گیراو یان حوکمدراوی وای تێداھەن تاوانی بەئەنقەستیان نەکردوە یا بارودۆخێکی دژوار تێیگلاندوون، ئەگەر پەتا بڵاوبووە و تووشبوون و گیانیان لەدەستدا، ھەستی ئێمەی دادوەر چی دەبێ؟ راستە کەس لەخۆڕا ناگیرێ و حوکم نادرێ، بەڵام لایەنە مرۆڤایەتیەکە و ھاندانی خەڵکە ناکۆک و دووژمندارەکان بۆ ئاشتەوایی و لێبووردەیی بەتایبەتی لەم بارودۆخە کە دەکرێ بە تۆفانی نووح بەراورد بکرێ کە سەرتاپای دونیای گرتووەتەوە ھەرچەندە بیرووبۆچوونی جیای لەسەرە، ئایا دەستکردی زلھێزەکانە یاشتی دی، بەڵام گومانی تێدانییە ھەموو جیھانی گرتووەتەوە. لەسۆنگەی بەرپرسیاریەتیم بەرامبەر خودا و ویژدانی خۆم وەک مرۆڤێک پێش دادوەربوونم، داوا لە ئێوەی زێدە خۆشەویست دەکەم با گفتوگۆ لەسەر زەرورەتی دەرکردنی یاسایەکی لێبووردن بکەین.