ڤایرۆسی کۆڕۆنا چۆن کاردەکات؟ پێکوتەکەی چۆن کاریگەری دەبێت؟

0

نوچە-k24

پێکوتە (ڤاکسین)ی mRNA-1273

ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوازێك کار دەکات کاتێك دەچێتە ناو لەشی مرۆڤ، ئەوا کارگەی خانەکانی رووکەشی دەم و لووت و بۆڕییەکانی ھەناسە بەکاردێنێت بۆ دروستکردنی پارچەکانی خۆی.. ئەو ترشە RNAیەی کە ھەیەتی بەکاری دێنێت تا کۆپی دیكه‌ لە خۆی دروست کات و دواتر لە خانەکە بێنە دەرەوە و بچنە خانەکانی دیكه‌ی ھەمان نەخۆش، یاخود لەگەڵ پشمین و کۆکە و دڵۆپەکانی لیك، خانەکانی کەسێکی دیكه‌ داگیر بکەن.

ئەو بەشە پرۆتینیەی کە وەکو دڕکە پرۆتین بە چوار دەوری ڤایرۆسەکەدا ھەیە spikes، بەکاردێت بۆ خۆ نووساندن بە خانەکانی مرۆڤ، ئەو وەرگرانەی خانەکانی مرۆڤ ھەیانە رێگه‌ی پێوەنووسان و چوونە ژوورەوەی ڤایرۆس یاخود RNAیەکەی ئاسان دەکەن.

لە دروستکردنی ڤاکسینی نوێدا، زانایان ھەمان میکانیزمی ڤایرۆسەکەیان بەکارھێناوە، ئەوان پارچە نێردراوێکی mRNA دەنێرنە لەشی خۆبەخشەکان تاکو بچێتە ناو خانەکانی مرۆڤ، بەڵام ئەمجارە ڤایرۆس دروست نەکات، تەنھا ئەو بەشە دەنێرن کە دڕکە پرۆتینەکان دروست دەکات.. بەمەش خانەکانی خۆبەخشەکان ھەڵدەستن بە دروستکردنی بڕێکی زۆری دڕکەپرۆتین. ئەم دڕکە پرۆتینانە چاوەڕوان دەکرێ نەخۆشیەکی قورس دروست نەکەن، چونکە توانای چوونە ناو خانەیان نییە تەنھا بۆ ھاندانی بەرگریە، کە دواتر بەرگری لەش دژیان دەوەستێتەوە و دژەتەن و خانەی تایبەتیان بۆ دروست دەکات. بەمەش لەکاتێک ئەگەر ڤایرۆسەکە ھاتە لەشی مرۆڤەکانەوە بەرگری لەش دڕکەکانیان دەناسێتەوە و نایەڵێت بە خانەکانەوە بنووسێن و دژە تەنەکان دەیانگرن و نەخۆشی دروست نابێت.

گرنگی ئەو ڤاکسینەی ئێستا لەوەیە کە ڤایرۆسەکە نانێرێتە لەشی مرۆڤ چونکە زۆربەی ڤاکسینەکانی پێشتر ڤایرۆسی لاوازكراویان بەکارھێناوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت نەخۆشی دروست نەکات لە کاتی کوتان.

ڤاکسینی mRNA-1273 لەلایەن کۆمپانیای مۆدێرنا و پەیمانگەی نەتەوەیی تەندروستی ئەمریکی، بەم میکانیزمەی سەرەوە بۆ یەکەمجار تاقیکرایەوە لەسەر یەکەم خۆبەخش لە پەیمانگەی توێژینەوەکانی واشینتۆن لە شاری سیاتل. چاوەڕوان دەکرا دوومانگ تاقیکردنەوەی لەسەر بکەن پێش ئەوەی لە مرۆڤ بەکاری بهێنن، به‌ڵام لەبەر ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێراییەکی زۆر بڵاوبووەوە بە تایبەت لە ئەمریکا، پێویستیەکە وایکرد خێراتر کاربکەن و چەند ھەنگاوێك باز بدەن بۆ ئەوەی زووتر دەستەبەر بێت بۆ مرۆڤایەتی.

جێنیفەر ھالەر، تەمەن 43 ساڵ و دایکی 2 منداڵ یەکەم کەس بوو کە ڤاکسینەکەی لە سه‌ره‌ تاقیكرایه‌وه‌ و دوای ئەویش لە دوو دۆزی جیاوازدا 45 خۆبەخش کە نێوان ھەر جارێك مانگێکە لەتاقیکردنەوەکە بەشداردەبن.

پرۆفیسۆر ئەنتۆنی فۆوسی لە پەیمانگەی تەندروستی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت: “ھەرچەندە ئەگەر توێژینەوەکان بە باش و خێراییش بڕوات، ڤاکسین دروستکردن بەو ڕاددەیەی کە بە شێوازێکی بەربڵاو دابەش بکرێت پێویستی بە ساڵێك ھەیە”.

پ. ی. د. کارزان محمد، سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەددین و پسپۆڕی زانستی مایكرۆبایۆلۆژی

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com