شلێر سەعید: هەولێر
لە شارۆچكەی بەحركەی پارێزگای هەولێر لەسەر ئەركی خێرخوازن نەخۆشخانەیەك دروست دەكرێت و برٍیارە لەماوەی ٦٠ ڕۆژ تەواو بكرێت.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دلێر سابیر، بەڕێوبەری بەشی ئەندازە لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، لەبارەی دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا ڕاگەیاند: لەسەر ئەركی چەند خێرخوازێك نەخۆشخانەكە دروستدەكرێت بە دیزاینەكی ستاندارد، كە گونجاو بێت بۆ نەخۆشی گوازراوە وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا. هەروەها بڕی تێچوەكەی ملیارێك و ٢٥٠ ملیۆن دینار و ئەو پارەیە تەنها بینایەكە و هەندێ خێرخوازیش ئامادەیان دەربڕیوە كەلوپەلەكانی بۆ دابین بكەن دوای تەواو بوونی.
دلێر سابیر گوتیشی، دیزاینی بیناكە زۆر بەخێرایی تەواوكرا لەسەر داواكاری پارێزگا؛ خۆی ٧٢ قەرەوێڵەیە و دەرمانخانە و پشكنینی تێدایە و جێی نەخۆش ژوور ژوورە، چونكە كۆرۆنا دەگوازرێتەوە و هەر ژوورێك پێدواویستی و دەست شۆری خۆی تێدایە.
بەڕێوبەری بەشی ئەندازە لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، گەر هەموو شتەكان لەبەردەست بن، بە ١٥ ڕۆژ تەواو دەبێت، بەڵام تا پارەكان دابین دەكرێت مانگێگ زیاتری دەوێت.
ئەو ئەندازیارە ئەوەشی خستەڕوو، كە پڕۆژەكە چەند ئەندازیاری تێدایە، كە سەرپەرشتی پڕۆژەكە دەكەن وامان كردووە شەو و ڕۆژ كاری تێدا بكەین.


