نوچەنێت-روداو
سەرۆكی ئينستيتيوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژينەوه لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 00:00 باسی لەوە کرد، تاقیکردنەوەی دەرمانەکان یەک بۆ دوو مانگ دەخایەنێت و گوتی “لە ناوەڕاستی مانگی چوار بۆمان دەردەکەوێت کە چی دەرمانێک کاریگەریی هەیە و ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکوژێت”.
د. دلاوەر عەلائەددین، سەرۆكی ئينستيتيوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژينەوه ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئامێرە پزیشکییەکان بەگەڕخراون بۆ رزگاربوون لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و گوتیشی “نزیکەی 300 جۆری دەرمان لە تاقیکردنەوەدان تاوەکو بزانرێت کامەیان ڤایرۆسەکە لەناودەبات و هاوکاری لەش دەکات لە چاکبوونەوە”.
سەرۆكی ئينستيتيوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژينەوه دەڵێ، بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە هاوشێوەی هەبووە، هەندێک دەرمانی ئامادە هەبوون بۆ تاقیکردنەوەیان، بەڵام کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ نەزانراوبوون و ئێستا لە تاقیکردنەوەدان. د. دلاوەر عەلائەددین ئەوەی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان لە پرسی کۆرۆنادا لە قۆناخی تەوقکردنی ڤایرۆسەکەدایە و گوتی “کورستان ئێستا یەکێکە لە هەرە سەلامەتترین شوێنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە جیهانیش، ئەویش بەهۆی خۆجیاکردنەوە و لەناو خۆیشیدا جیاکردنەوەی شارەکان لەیەکدی”. سەبارەت بەوەی کە وەرزی گەرما کاریگەریی لەسەر ڤایرۆسەکە دەبێت، سەرۆكی ئينستيتيوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژينەوه گوتی “ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وەرزی گەرما لاوازدەبێت، بەڵام بەتەواوی لەناوناچێت و لە وەرزی سەرما سەرهەڵدەداتەوە”.
د. دلاوەر عەلائەددین پێیوایە ئەوەی لە کوردستان کراوە باشتربووە لەوەی لە بەریتانیا کراوە، چونکە بەریتانیا ئامادەیە ڤایرۆسەکە تەشەنەبکات لەپێناو مانەوەی ئابوورییەکەی بە بەهێزی و دەشڵێ “چاوەڕوان دەکرێت نیوە زیاتری کۆمەڵگەی بەریتانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن و ڤایرۆسەکە دەیان هەزار کەس بکوژێت”.