نوچە
ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند،”جیاوازی ئەو پشكنینانەی لە شارەكانی هەرێم ئەنجامدەدرێت بۆ كۆرۆنا پەیوەستە بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە ماوەی کەرەنتینیان تەواودەبێت و دەبێت لە کۆتا ڕۆژدا پشکنینیان بۆ ئەنجامبدرێت”
دەقی رونكردنەوەكە:
سەبارەت بە ژمارەی ئەو پشکنینانەی کە ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت و ڕادەگەیندرێت، ئەو پشکنینانە لە سەنتەری شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئەنجام دەدرێت وە ڕۆژانە جیاوازی دەبێت لە ژمارەی ئەو پشکنینانە ئەوەش بە گوێرەی بوونی کەسانی گومانلێکراو و هاوڵاتیانی کەرەنتین کراو، بۆ نموونە دوێنی و پێرێ لە هەولێر ژمارەی پشکنینەکان زۆربوون لەبەر بوونی ژمارەیەکی زۆری بەرکەوتووی پزیشکێکی شاری هەولێر کە پێشتر دەستنیشانکرا بە تووشبووی ئەو نەخۆشیە، هەروەها پەیوەستە بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە ماوەی کەرەنتینیان تەواو دەبێت و دەبێت لە کۆتا ڕۆژدا پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت.
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک.
وەزارەتی تەندروستی
١٥ ئازار ٢٠٢٠