شلێر سەعید: هەولێر
یەکێتی ئەوروپا بڕی دوو هەزار یۆرۆ دەداتە هەر کۆچبەرێک لە کەمپە قەرەباڵغەکانی یۆنان ئەگەر بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە نیشتمانی خۆی.
لەئێستادا نزیکەى ٤٢ هەزار کۆچبەر لە پێنج کەمپی کۆچبەراندا دەژین لەسەر دوورگەکانی یۆنان، کە سەرجەمیان بۆ تەنها شەش هەزار کەس دروستکراون، دۆخی ژیانی ئەو کۆچبەرانە زۆر خراپە و تەنانەت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیشیان نییە. ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور، کە تیمەکانی لەناو ئەو کەمپانەدا کار دەکات دەڵێت، زیاتر لە ١٤ هەزار کۆچبەری منداڵ لە کەمپەکاندا هەن.
لە لێدوانێکى تایبەت بەنوچە، سۆران ڕەشید، بەرپرسی میدیایی پڕۆژەى کۆچبەر، لەبارەی دۆخی کۆچبەرانی سنووری یۆنان ڕاگەیاند: ئێمە وەک پڕۆژەى کۆچبەر، هانی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین بەدەم ئەم پرۆگرامەوە بچن و ناوی خۆیان بنوسن، چونکە هەلێکی باشە و هەلەکەش کاتییە، واتە بۆ ماوەى یەک مانگە کۆچبەران بڕێک پارە وەردەگرن و دەتوانن جارێکی تر ژیان لێرە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکەنەوە.
سۆران ڕەشید گوتیشی، ئۆفەرەکە کاتییە و بۆ ماوەى یەک مانگ دەبێت، بەڵام ئەو کۆچبەرانە ناگرێتەوە، کە لەدوای ١-ی کانونی دووەم واتە سەرەتای ئەمساڵ گەیشتوونەتە یۆنان، واتە ئەو کۆچبەرانە ناگرێتەوە، کە لەدوای کردنەوەى سنور لەلایەن تورکیاوە گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
بەرپرسی میدیایی پڕۆژەى کۆچبەر دەشڵێت “پیاوان، ژنان و منداڵان لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا دەژین، کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک توالێت و گەرماو و کارەبایان زۆر سنوردارە”.
بەپێى سەرچاوەیەک، کە لە بی بی سی بڵاوبۆتەوە، یڵڤا جۆهانسن، نێردەی کاروباری ناوخۆیی یەکێتی ئەورپا لە سەردانێکیدا بۆ یۆنان ڕایگەیاندووە، هەوڵدەدەن پڕۆگرامی گەڕانەوەى خۆبەخشانە پەرە پێبدەن، بۆیە لەگەڵ حکومەتی یۆنانیشدا ڕێککەوتوون هەر کۆچبەرێک بگەڕێتەوە وڵاتەکەى خۆی، بڕێک پارەى پێ دەدرێت تاوەکو بتوانێت دووبارە تێکەڵ بە کۆمەڵگەکەى خۆی بێت. ئەو بڕیارەش تەنیا پێنج هەزار پەنابەریش دەگرێتەوە.
ئەو کۆچبەرانە بە زۆری خەڵکی سوریا، ئەفغانستان، پاکستان، عێراق و چەند وڵاتێکی ترن. دوای ئەوەى تورکیا لە ٢٨-ی شوباتدا سنورەکانی بەڕووی کۆچبەراندا بەرەو یۆنان کردەوە، بەگوتەی بەرپرسانی تورکیا، لە ١٣٥ هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە سنورەکان، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی یۆنان ڕێگرییان لێکرد و بەشێکی زۆر کەمی دەربازییان بوو، کە ئەوەش قورسایی و قەیرانی کۆچبەران لەناو کەمپەکاندا سەختتر دەکات.