شلێر سەعید: هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی بەرەنگابوونەوەی كۆرۆنا لە كەركوك رایدەگەیەنێت، توشبووی نوێمان تۆمارنەكردووە، بەڵام مانای وانییە لە كەركوك هیچ مەترسی لەسەر نییە و توشبووی لێ نییە بەڵكوهەیە.
فەرمانگەی تەندروستی كەركوك ڕایدەگەیەنێت، شانەی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركووك چەند بڕیارێكی دەركرد.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بورهان عومەر ڕەشید، ئەندامی لیژنەی قەیرانی بەرەنگابونەوەی كۆرۆنا لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، دەربارەی ڕێكارەكانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاگەیاند: شانەی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركوك، چەند بڕیارێكی دەركردووە، كە سەرەكیترینیان بریتییە لەوەی هەموو جۆرە قەرباڵغییەك بەتایبەتی لە ناو بازاڕ قەدەغە دەكرێت و هاتوچۆ كردنیش لەناو پارێزگاكان قەدەغەكرا و بڕیارە هەر ئەمڕۆش كۆبوونەوەیەكی دیکە بكەین سەبارەت بە گرتنە بەری ڕیكارەكان.
بورهان عومەر گوتیشی، بەهۆی میدیاكان و خەڵكی بەرپرسیار پەیوەندیمان زۆر بۆهاتووە، كە جیرانەكەی یان خزمەكەی لە دەروەی عێراق هاتۆتەوە و ئێمە تیمی پزیشكیمان بۆناردوون بۆ چاودێری، چونكە سەرەتا نەخۆشخانەی كەیوان ئامادەنەبوو، بۆیە لەماڵی خۆیان كەرەنتین كرابوون و ڕۆژانە چاودێریمان دەكردن.
بورهان عومەر ئاماژەی بەوەشكرد، كە دە ڕۆژە كەسی نوێی توشبوومان نییە و ئەو حەوت كەسەی پێشوتر توشببون چاکبوونەتەوە. ئێستا تەنها یەكیان ماوە، لەژێر چاودێری پزیشكییە و تەنها ١٦ كەس لە كەرەنتین ماوەتەوە لە نەخۆشخانەی كەیوان.
ئەندامەکەی لیژنەی قەیرانی بەرەنگابوونەوەی كۆرۆنا لە كەركوك، ئەوەشی خستەڕوو، كە ئێستا توشبووی نوێمان تۆمارنەكردوە، بەڵام مانای وانیە لە كەركوك هیچ مەترسی لەسەر نییە و توشبووی لێ نییە بەڵكو هەیە، چونكە پەتایەكە جیهانییە و لەهەموو شوێنەك هەیە و بەهۆی هاتوچۆ بەردەوام دەگوازرێتەوە، بۆیە تكا لە خەڵك دەكەم پابەند بەڕێنماییەكان بن و دووربكەونەوە لە قەرەباڵغی.
بورهان عومەر ئەوەشی نەشاردەوە، كە خەڵك پابەند نییە بەڕێنمایەكان بۆیە بڕیارن داوە ڕێكارەكان توندتر بكەن و لیژنەیان دروست كردووە، تا ئەوانەی سەرپێچی دەكەن و شوێنی گشتی بكەنەوە پێیان دابخەن و ئەم بڕیارانەش لەبەر بەرژەوەندی گشتی دراون و بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە شاری كەركوك. گوتیشی ”داخستنی مۆڵەكان هۆڵی بۆنەكان، چایخانە و مەلەوانگە و سینەما و ئارایشگاكان، بەردەوام دەبێت تا كاتێكی نادیار. هەروەها هەموو جۆرە كۆبوونەوە و گردبوونەوەیەك قەدەغەیە”.