شلێر سەعید: هەولێر
بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، شۆفێران %٩٩ پابەندی ڕێنمایەكان بوون و هێزە ئەمنیەكان تەواو بەكاری خۆیان هەستابوون. دەشڵێت ”ئەوانەی یاسا بشكێنێت بەپێی مادەی ٢٤٠ لەیاسای سزادانی عێراقی ئەوكەسە سزادەدرێت و دەدرێتە دادگا”.
لە لێدوانێكی تایبەتدا ڕائید فازڵ حاجی حەسەن، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر، بە نوچەی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ شەممە تا ئەو لەحزەیە لە دەرەوەبووم و چاودێریم كردووە، دەتوانم بڵێم شۆفێران %٩٩ پابەندی ڕێنمایەكان بوون و هێزە ئەمنیەكان تەواو بەكاری خۆیان هەستابوون و هاوڵاتیان پابەندی یاسا و ڕێنمایەكانن.
ڕائد فازڵ گوتیشی، هەندێ حاڵەتە هاوكاری كراون بۆنمونە ئەوانەی، كە پێویست وەك ئاسایشە یان پۆلیسە یان سكوریتی شوێنە ریگەیان دراوە یان هەبوو نەخۆشبووە ڕێگەمان داون بەپێی توانا و ڕێژەیەكی كەم لەهاوڵاتیان ویستویانە تێپەڕن یاساكان بشكێنن ئەویش ڕێگەیان پی نەدراوە.
گوتەبێژی هاتوچۆ ئەوەشی خستەڕوو بۆ ئەوانەی یاسا بشكێنێت بەپێی مادەی ٢٤٠ لەیاسای سزادانی عێراقی ئەوكەسە سزادەدرێت و دەدرێتە دادگا، چونكە ئەوە لە یاسای هاتوچۆدا نییە و بەپێی ماددەكە بەندكردنی تێدایە، بەڵام ئێمە روبەڕووی حاڵەتی وانەبووینەتەوە و ناشمانەوێ هاوڵاتی بەسزا پابەندی بكەین، بەڵكو دەمانەوێ هاوكاری هەموان بین، چونكە لە ئەنجام ئەوەی دەیكەین هەر بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانە.
سەبارەت بەو سزایانەی لە سلێمانی بەسەر شۆفێران دراوە، هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، شتێكی بێ سەروبنە، چونكە لە رووی یاسایەوە شتەك نییە بڵێ گەر كەسێك هاتوچۆی قەدەغەكردنی هاتوچۆی (حزر تجوال )-ی شكاند، تۆ بتوانی سزای بدەی، بەپێی مادەی ٢٤٠ دەتوانی بیدەیتە دادگا و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا بگری، هەر ئەم دوو شتە هەیە.