شلێر سەعید: هەولێر
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، هێزە سیاسییەكانی شیعە دەسەڵاتی تەواوی داوە بە لیژنەیەکی حەوت کەسی بۆ دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەبێ گەڕانەوە بۆ كوتلە سیاسییەكان.
لە لێدوانێكی تایبەتدا ئەحمەد كنانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە پۆستی سەرۆك وەزیران بەنوچە-ی ڕاگەیاند: لە رۆژی ١-١٠-٢٠١٩-وە و بۆشایی نەبوونی سەرۆك وەزیران بەشێوەیەكی بەرچاو كاریگەری هەبووە لەسەر بارودۆخی عێراق و لایەنی ئەمنی و كاری كردۆتە سەر هەیمەنەی ئەمنی عێراق.
ئەحمەد كنانی گوتیشی، ئەو لیژنە حەوت كەسیەی، كە لەلایەن شیعەكانەوە پێكهێنراوە، چەند كەسێكیان دەستنیشان كردووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و پێویستە بەزووترین کات سبەی یان دوو سبەی ناوێك دەستیشان بكەن و پێشكەشی سەرۆك كۆماری بكەن، چونكە دووشەممە دوایین كاتە بۆ دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و دەبێت بگەن بە بڕیارێك.
كنانی ئاماژەی بەوەشكرد، كە هێزە سیاسییەكانی شیعە دەسەڵاتی تەواوی داوە بەو لیژنەیە بۆ دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەبێ گەڕانەوە بۆ كوتلە سیاسییەكان و راستەوخۆ هەرناوێك دەستنیشان بكەن بەرزی دەكەنەوە بۆ سەرۆك كۆمار، بەمەبەستی دەستنیشانكردنی.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی كردەوە، لە سەر ئەوەی ئێستا كاتیەتی، كە كوتلە سیاسییەكان كەسێكی وا دابنێن، کە بتوانێت دەستدرێژییەكانی ئەمریكا ڕابگرێت، بەرامبەر سەروەری نیشتمانی عێراق.