نوچەنێت
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، نیگه‌رانی خۆی له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كان و لێدوانی به‌رپرسان له‌م دۆخه‌دا راگه‌یاند، كه رۆژانه چه‌ندین جار له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووباره ده‌كرێنه‌وه.
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان له به‌یاننامه‌كه‌یدا دەڵێت: له‌كاتێكدا رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێنماییه‌كانی خۆپارێزی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه توندكراون، به‌ڵام كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كان و لێدوانی به‌رپرسان كه رۆژانه له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه به‌ڕێوه ده‌برێن، شوێنێكن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌دان رۆژنامه‌نوس و قه‌ره‌باڵغی دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی ئه‌وان هه‌یه.
سەندیکا رۆژنامەنوسان داوایەک ئاراستەی رۆژنامەنوسان دەکات و چەند خاڵێک دەخاتەروو:
١. ده‌كرێت كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كان به‌شێوه‌ی ئۆنلاین بێت و لینكه‌كه‌ی به بێ جیاوازی به هه‌موو رۆژنامه‌ونووسێك بدرێت، یاخۆد هه‌ر رێگایه‌كی دیكه‌ی له‌م شێوه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی كه‌م بكرێته‌وه و ئه‌و مه‌ترسییه له‌سه‌ر ژیانی رۆژنامه‌نووسان نه‌مێنێت.
٢. ئه‌و شوێنانه‌ی مه‌ترسیان زۆره بۆ تووشبوون به كۆرۆنا، چ له ناوخۆ یان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، پێویسته ده‌زگاكانی راگه‌یاندن رۆژنامه‌نوسانی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه نه‌كه‌ن.
٣. ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كه‌مترین ژماره‌ی رۆژنامه‌نوسان ره‌وانه‌ی شوێنی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كان بكات و سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌كانی خۆپارێزیش بۆیان دابین بكات.
٤. كه‌مكردنه‌وه‌ی لێدوان و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كان، ته‌نیا له كاتی پێویستدا نه‌بێت.