نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا و ئێران بەدوور نین لەدەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
بەهۆی ناکۆکی ناو ماڵی شیعەکان و ڕێک نەکەوتنی لایەنەکان لەسەر ڕاسپاردنی کەسێکی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ململانێکانی ئەمریکا و ئێران لە عێراق یەکێکە لە هۆکارەکانی پێکنەهێنانی حکومەتی عێراق.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، لەبارەی دیاریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، ڕایگەیاند”ئەو لایەن و وڵاتانەی کە بەرژەوەندییان لە عێراق هەیە، دوور و نزیک هەوڵدەدەن کەسێک کاندید بکرێت نزیکی خۆیان بێت، بۆیە ئەمریکا و ئێران بەدوور نین لە دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوناحی لایەنەشیعەکانە تائێستا لەبەر بەرژەوەندی کەسی، حزبی و ئیقلیمی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن”.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت”ڕێککنەکەوتنی لایەنەشیعەکان هۆکاری درووستبوونی ئاڵۆزیییەکانی ئێستای عێراقە، بەداخەوە ڕوونە لایەنەشیعەکان دەسەڵاتیان لەدەست خۆیان نیە، ئەگەر دەسەڵاتیان لەدەستی خۆیان بوایە و بەرژەوەندی گەلی عێراقیان لەبەرچاو بگرتایە، دەبوایە کەمێک لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابەزینایە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و خەڵکی عێراق”.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، رایوایە”دەبوایە ئەم ماوەیە کەماوەی گواستنەوەی ئینتیقالییە لایەنەشعییەکان لەسەر کەسێکی سەربەخۆ ڕێکبکەوتنایە، کە لەو حزبانە نەبوایە، کەسێک بوایە خزمەتی گەلی عێراقی بکردایە و بڕواو متمانەی هەموو پێکهاتەکان بگەڕێتەوە و عێراق لەم دۆخە دەربازی بێت”.