نوچە
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم توشبوونی كه‌سێكی دیكه‌ی به كۆرۆنا راگه‌یاند، كه پیاوێكی ته‌مه‌ن ٤٨ ساڵانی خه‌ڵكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌یه و پێشتر له ئێران بووه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان، له نوێترین راگه‌یه‌ندراویدا، له‌باره‌ی ئاماری ٢٤ كاتژمێری پێشوتری كۆرۆنا ئاشكرایكردووه، پشكنین بۆ ٢٥١ كه‌س ئه‌نجامدراون، كه ١٨٤-یان له شاری هه‌ولێر بوون و ٦٧ كه‌سیان له شاری سلێمانی، پشكنینی ٩ كه‌سیان پۆزه‌تیڤ ده‌رچوو و ده‌ركه‌وت هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، كه‌سێكیان له هه‌ولێره و هه‌شت كه‌سیان له سلێمانین، كه پێشتر راگه‌یه‌ندرابوون، توشبوویه‌كی نوێش تۆماركرا، كه خه‌ڵكی ناحیه‌ی ته‌وێڵه‌یه له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، توشبووه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه خەڵکی ناحیه‌ی ته‌وێڵه‌یە و پێشتر له ئێران بووه و كارانتین كراوه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم ده‌شڵێت، تا ئێستا ٣ هه‌زار و ٢١٩ كه‌س له ٣٠ شوێنی جیاواز كارانتین كراون، ئێستا ته‌نها ٨٤٢ كه‌س له كارانتین ماونه‌ته‌وه و ٢ هه‌زار و ٣٧٧ كه‌سیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه نێو كه‌سوكاریان.
له‌ئێستادا كۆی توشبووانی كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته ٢٨ كه‌س، كه یه‌كێكیان گیانیله‌ده‌ستداوه، كه‌سێكیش له ڤایرۆسه‌كه چاكبوه‌ته‌وه.