ئەسعەد مورادی
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، ئەو پەلامارە هەمەچەشنانەی داعش لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات دەرخەری ئەو راستییەن کە داعش بەهێز بووەتەوە.
هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکە بە هاوکاری هێزی پێشمەرگە، چەندین جار هێرشیان کردۆتە سەر مۆڵگەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەتی لە جیای قەرەچۆخ. هەروەها چالاکبوونەوەی داعش و پەلامارەکانی بووەتە مەترسییەکی جددی و بە گوێرەی شارەزایانی ئەمنی، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان لاوازی سوپای عێراق و نەبوونی هێزی پێشمەرگەیە لەو ناوچانە.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، حەسەن بارام، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزا لە دۆخی سیاسی عێراق، لەبارەی بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچەکە و بە تایبەت ناوچە جێناکۆکەکان، رایگەیاند: کۆمەڵێک هۆکار هەیە، کە رۆژ لەدوای رۆژ داعش بەهێزتر دەبێت لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە. ئەو پەلامارە هەمەچەشنانەی داعش لە ناوچەکانی نەفتخانە و دەورووبەری خانەقین و مەیدان و گوڵاڵە و چەند ناوچەیەکی دیکە تا دەگاتە دەورووبەری کەرکوک و مەخموور، دەرخەری ئەو راستییەن.
حەسەن بارام دەشڵێت، داعش لە ئێستادا هەڕەشە ومەترسییەکانی و زیانەکانی زیاتر بووە، بە تایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بە دووری نازانرێ ئەگەر ئەو دۆخە بەو شێوە بەردەوام بێ و پێشمەرگە ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ نەکاتەوە مەترسییەکان جددین. گوتیشی ”ئەوەی پێی دەڵێن جەیشی عێراقی و حەشدی شەعبی، هێزێکی فشۆڵ و بێ بەرنامە و فرە سەرچاوەن، کە ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی دروست کردووە ئەوی لەم چەند رۆژەی رابردوو لە چیای قەرەچۆخ روویداوە نیشان لە پێگەی بەهێزی داعش لەو ناوچەیە”.
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژە بەوە دەکات، کە بە گوێرەی زانیاری هەواڵگری وڵاتان پێشتر داعش لەو ناوچانە هەم ژمارەیان کەم بوو هەمیش چەکی ئاساییان پێبوو، بەڵام لە ئێستادا هەم ژمارەیان زۆر بووە و هەمیش چەکی پێشکەوتوویان دەست کەوتووە. گوتیشی ”ئەوە تەنیا داعش نییە بووەتە مەترسی بۆسەر ئەمن و ئاسایش بەڵکو سیاسەتە ناواقعیەی حکومەتی عێراقە کە ئەو مەترسییەکی گەورەتر کردووە.