ئەسعەد مورادی
چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئێستا سەرقاڵی کێشەکانی نێوخۆی وڵاتەکەیانن، لە راستیدا لە عێراق لاوازتر بوون، بەڵام دەستبەردار نابن.
ئێران بە هۆی کوژرانی قاسم سولێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە لایەن ئەمریکاوە، لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە و ێدەچێت لە هەوڵی دانانی ستراتیژی نوێ بن، کە لەوانە یەکخستنی نێوماڵی شیعە بێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، عەلی فەیلی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە کاروباری سیاسی عێراق، لەبارەی نفوز و کاریگەری ئێران لە عێراق، رایگەیاند: دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئێستا سەرقاڵی کێشەکانی نێوخۆی وڵاتەکەیانن، لە راستیدا لە عێراق لاوازتر بووە، بەڵام بە یەکجاری دەست لە عێراق هەڵناگرێ و بۆ دۆخی ئێستای گونجاو نییە، چونکە سەرمایەگوزارییەکی زۆری کردووە.
عەلی فەیلی دەشڵێت، ئەوەی بە قاسم سولەیمانی دەکرا بە جێگرەکەی ناکرێت، چونکە ئەو کاریزمایەکی تایبەتی هەبوو. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی خێرا کاریگەری هەیە لەسەر هەژمونیان لە عێراق.
ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە، لاوازی ئێران لە عێراق پێدەچێت کاتی بێت، چونکە سەرمایەگوزارییەکی زۆریان بۆ پێگە و نفوزی خۆیان کردووە و عێراقیش وەک قوڵایی ستراتیژی بۆ خۆیانی دەزانن و بە ئاسانی دەستبەرداری ئەوە نابن. گوتیشی ”رەنگە بە پێی دۆخ رۆڵیان بگۆڕدرێ”.