نوچە: ئاژانسەکان
جەنەڕاڵ کێنت مەک کەنزی، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، هێرشی شەوی رابردوو بۆ سەر بنکەی تاجی لە عێراق، لە لایەن میلیشاکانی سەر بە ئێران ئەنجام دراوە.
مەک کەنزی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی مارس ڕایگەیاند: ڕێژەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراق تا دێ زیاتر دەکات.
بە گوتەی مەک کەنزی، ئێران ئامانجێکی گەورەتری لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەیە.
لە بارەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم بەرپرسە سەربازیەی ئەمریکا ڕایگەیاند: زیاتر لە ١٠ هەزار سەربازیان لە ناوچەکە جێگیر کردووە، کە بە گوێرەی هەلومەرج کەم و زیاد دەکات.
لە ئەنجامی هێرشی شەوی ڕابردوو، دوو سەربازی ئەمریکا و سەربازێکی بەریتانیا کوژران و نزیک بە ١٢ کەس لە هێزەکانی هاوپەیمانان برینداربوونە.
دوابەدوای ئەم هێرشە، بنکەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری ئێران و عێراق، لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج.