شلێر سەعید: هەولێر
دەربارەی داوای خاوەن ئەو شوێنانەی بەبڕیاری پارێزگا داخراون، خاوەنەكانیان داوادەكەن پارێزگا بڕیارێك بدات كرێیان لێ وەرنەگیرێت لەم مانگە، چونكە زیانی زۆریان لێ دەكەوێت، و لە وەڵامدا بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەلێر دەڵێت، پێشنیازیان بۆ حكومەت كردوە و بەم زوانە بڕیاری لەسەردەدەن.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، بەیار فایەق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لەم بارەوە ڕایگەیاند: پێشنیازكراوە بۆ حكومەت و پلانێكی وامان هەیە بۆ شوێنی خزمەتگوزارییەکان، جا هۆڵە یان خواردنگەیە، سەنتەری مەساجە یان ئارایشگایە، ئەو كەسانەی زەرەرمەند دەبن شتێكیان بۆبكرێت و داواكە لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە بەرزكراوەتەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن پارێزگا گوتیشی، ئەم كارە ئاسان نییە، چونكە كاتێك بەخاوەن موڵك بڵێی كرێ كەم كەوە ئەویش دەڵێ، باجم لەسەر كەم بكەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت، ئەمڕۆ یان بەیانی بریارێك هەبێت لەم بارەوە.
لە کۆبوونەوەی دوێنێ لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاردرا هاتووچۆی هاوڵاتییان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابخرێت، لە ١٤-٣-٢٠٢٠ تاوەکو ٢٨-٣-٢٠٢٠، داخستنەكە سنوری شارەكان ناگرێتە.
بەیار فایەق گوتی، هاتوچۆ بۆ ناو سنوری پارێزگاكان هەیە، بەڵام هاتوچۆ لە نێوان پارێزگا بۆ پارێزگا قەدەغەیە، و راگرتنی هاتن و چوون لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، جگە لە حاڵەتی زۆر پێویست، کە ئەویش بە رەزامەندیی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان هەیە، کە لە پارێزگاكان و یەكە سەربەخۆكان پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و ئەم راگرتنە لە نێوان ١٤-ی مانگ تاوەکو ٢٨-ی مانگ بەردەوام دەبێت.
دەربارەی داخستنی دوكانەكانی ناو بازاڕ بەیار فایەق ئەوەی خستەڕوو، كە بەهۆی ئەوەی خەڵك پابەند نییە بەڕێنمایەكان، ئێمە بەردەوام لە كۆبوونەوە داین چ بۆ بەرژەوەندی گشتی باشە بیكەین و داخستنی دوكانەكان لە دیراسە دایە ئایا دوكانەكان دابخرێن یان نا جارێ بڕیاری لەسەرنەدراوە.