شلێر سەعید: هەولێر
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، مەسەلەی ئەمنی و ململانێی ناوخۆی عێراق، بۆتە بەشێك لە سیاسەتی ناوچەكە و ئەوەی شەوی رابردوو هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی تاجی، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانەی هێزەکانی هاوپەیمانان.
بە گوتەی شارەزایان، قەیرانەكانی عێراق هەندە زۆربوون خەریكە ئەم وڵاتە نقوم ببێت، لە رووی ئەمنی و نەبوونی سەرۆك و دابەزینی نرخی نەوت و رووبەڕوو بوونەوەی كۆرۆنا، لەكاتێكدا خەریكە لەلایەن وڵاتانەوە متمانە لەدەست بدات، جیا لەوانەش شەوی رابردوو دوو راهێنەری ئەمریكی و راهێنەرێکی بەریتانی كوژران لە هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی تاجی.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەربارەی ئەو قەیرانانەی عێراق تێی كەوتووە، ڕایگەیاند: بێگومان ئەو قەیرانانە عێراق تێیكەوتووە قەیرانی جددین چ لە رووی ئابووری یان تەندروستی، كە كاری كردۆتە سەرهەموو جیهان و نەبوونی سەرۆك، ئەمنیەت. دیارینەکردنی كاندیدێك بۆ سەرۆک وەزیرانی، كارەساتێكی گەورەیە و كاریگەری كردۆتە سەر متمانەی عێراق لەگەڵ كومەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها متمانەی شەقام و سیستەمی حوكمڕانی، چونكە ئێستا سیستەمی حوكمڕانی لەژێر پرسیار و فشار دایە و ئەوەی رابردوو شكستی هێناوە.
هەریم كەمال ئاغا گوتیشی، هۆكاری هەموو ئەو ناكۆكییەی ناو ماڵی شیعە جێی پرسیارە، كە ناتوانن لەناو خۆیان كەسێك دیاری بكەن بۆ سەرۆك وەزیران، و ئەوەی ئێستا هەیە چەند كەسێك ناویان هەیە، بەڵام ڕێکكەوتن نەكراوە و ڕۆژی دووشەمە دواكاتە بەپێی دەستور دەبێت یەكلایی ببێتەوە كە كێ كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
عادل عەبدولمەهدی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا رایگەیاند، بە دابەزینی نرخی نەوت بۆ نیو هێندەی نرخی پێشووی عێراق مایەپووچ نابێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر عێراق ، گەر عادل عەبدولمەهدی دەڵێت، عێراق مایە پوچ نابێت، هەڵە لێكیداوەتەوە، خۆی ئابووریناسێكی باشە و باش دەزانێت، %٩٥ داهاتی عێراق نەوتە. لە ٢٠١٩ ئەژمارمان كردووە، ١١ ملیار داهاتی ناوخۆیە باقییەكەی هەمووی داهاتی نەوتە، بۆیە ئەو كێشە ئابووریە بێگومان كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر عێراق.
هەرێم کەمال ئەوەشی خستەڕوو، كە مەسەلەی ئەمنی عێراق لە مەترسی دایە و دەڵێت، مەسەلەی ئەمنی و ململانێی ناوخۆی عێراق بۆتە بەشێك لە سیاسەتی ناوچەكە و بەردەوام بۆردومانكردنی سەربازگەكانی ئەمریكا بەتایبەت دوێنێ شەو كوژرانی سەربازەكانیان، ئەوانە وادەكەن عێراق وردە وردە متمانەی هێزە هاوپەیمانیەكان لەدەست بدات.
لە كۆتایی دا هەرێم ئاغا ئاماژەی بەوەكرد، كۆی قەیرانەكانی عێراق كاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێت، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، لە رووی متمانەی نێودەوڵەتی و ئابووری و هەموو جومگەكانی دیكە.