نوچە
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوا دەکات هاونیشتمانییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا. دەشڵێت ”دوو هەفتەی داهاتوو چارەنووسسازە و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن”.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە ١٢-٣-٢٠٢٠) رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند: ئەگەر کۆرۆنا بە جددی نەگرین، ئەوا بە جددی دەمانگرێت، بۆیە هاتووچۆمان لەنێوان شارەکان راگرتووە و پێویستە پێش ١٤ـی مانگ هاونیشتمانییان بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان، تاوەکو کەمترین زیانیان بەربکەوێت.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، زۆرترینیان لە ئێران گەڕاونەتەوە، بۆیە هاونیشتمانییان هەر کەسێک دەزانن لە ئێران گەڕاوەتەوە با پەیوەندی بە تیمەکانی تەندروستی بکەن تاوەکو کەرەنتین بکرێن.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە قەدەغەی گەشتکردن لەگەڵ ژمارەی وڵاتان زیادبکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی، کە ژمارەی تووشبووان تێیاندا زۆرە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر قسەی کرد و گوتی، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک بە بەشداری سەرجەم قایمقامەکان لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو و چەند بڕیارێک بۆ خۆپارێزی و تووندوتۆڵترکردنی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا درا، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- کەرەنتینکردن بە رێوشوێنێکی تووند بەردەوام دەبێت و چاوپۆشی لە کەس ناکەن
- رێوشوێنی تووند لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران دەگیرێتەبەر
- هەموو کافتریا، چاخانەکان، شوێنە قەرەباڵخەکان، بازاڕە میللییەکان، رێستۆرانت و چێشتخانەکان لە ١٤ـی مانگ بەدواوە دادەخرێن. تەنها دەتوانن بەشێوەی گەیاندن خواردن بدەن بە هاونیشتمانییان
- رێگەنادەین لەسەر شوێنە گشتییەکان و سەر شەقامەکان گۆشت و مریشک بفرۆشرێن
- پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، رۆژانی هەینی و شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دادەخرێن.
- داوامان لە وەزیری ناوخۆ و تەندروستی کرد، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رەچاوی دۆخی هاونیشتمانییان بکەن لە کرێی دووکانەکان بۆ ئەوەی کەمبکرێتەوە.
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دا، کە هیچ پێویست ناکات هاونیشتمانییان پەلە بکەن لە شت کڕین، چونکە جموجوڵی بازرگانی بەردەوامە لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش، بۆیە کەلوپەل زۆرە و وەکو خۆیەتی.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوایان لە هاونیشتمانییان کرد، لە بۆنەی نەورۆزدا نەچنە سەیرانگاکان و لە ماڵەکانیان بمێننەوە. وەزیری ناوخۆ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان ناهێڵن دوو خێزان پێکەوە لە سەیرانگاکان دابنیشن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، خۆیان لە قەرەباڵخی و بەریەککەوتن لەگەڵ کەسانی دیکە بەدوور بگرن و دەستەکانیان بشۆن. هاوکات هێڵی بەپەلەی ١٢٢ دانراوە بۆ کاتی پێویست و هاونیشتمانییان دەتوانن پەیوەندی پێوەبکەن.