ئەسعەد مورادی
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، ئێران هەم لە رەوتی دانوستان بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ رۆژئاواییەکان درۆی کردووە و هەم لە ڕەوتی جێبەجێ کردنی بڕیارنامەی رێککەوتنی ناوەکی.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دەسەڵاتدارانی ئێران، لە ساڵی ٢٠١٥ لەکاتی دانوستان لە گەڵ وڵاتانی ٥+١ و بەتایبەت ئەمریکا و ئاژانسی جیهانی ئەتۆمی، رێگەیان دا بە ئاژانسەکە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکان سەردانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم بکەن، بەڵام هاوکات سێ وێستگەشی بەنهێنی هێشتووەتە و پەرەی پێداوە. پێدەچێت ئەمە بە ئاسانی بەسەر ئێڕاندا تێنەپەڕێت و گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران توندتر و بەرکەوتنی سەربازیشی لێبکەوێتەوە.
لەلێدوانێی تایبەت بە نوچە، شاهۆ حوسێنی، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزا لە دۆخی سیاسی ئێران، لەبارەی ئاشکرابوونی سێ وێستگەی نهێنی ئێران تایبەت پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ دەستراگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی، رایگەیاند: دیارە پێشتر ئیسرائیل دیکۆمێنتەکانی پێوەندیدار لانیکەم بە یەکێک لەو شوێنانەی ئاشکرا کردبوو، بەڵام هێشتا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆی نەسەلمابوو، بەڵام ئێستاکە سەلماوە و ئاشکرا بووە، ئەوەش بەو مانایە دێت، کە ئێران هەم لە ڕەوتی دانوستان بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ رۆژئاواییەکان درۆی کردووە و هەم لە رەوتی جێبەجێ کردنی بڕیارنامەی ریککەوتنی ناوەکی.
شاهۆ حوسێنی دەڵێت، بە لەبەر چاو گرتنی قوڵتر بوونەوەی کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەتا ئێرە ئێران هیچ وڵامێکی شیاوی بە ئاژانس جیهانی ئەتۆمی نەداوەتەوە و لە هەمان کاتیشدا بەردەوام پەرە بە چالاکییەکانی پیتاندن و پاشەکەوتی ئۆرانیوم دەدات. بێ گومان ئەمریکا و ئیسرائیل هێڵێکی سووریان هەیە، کە مەجال بە تێپەڕاندنی ئەو هێڵە سوورە لەلایەن ئێرانەوە نادەن، بە تایبەتی ئیسرائیل، کە سەلماندوویەتی بە هیچ شێوەیەک مەجالی دەرکەوتنی وڵاتێکی ئەتۆمیتر بێجگە لەخۆی لە ناوچە نادات، بە تایبەت وڵاتێکی ئایدۆلۆژیکی دژە ئیسرائیلی وەک ئێران.