نوچەنێت
حكومهتی ههرێمی كوردستان، بەمەبەستی تەشەنەنەکردنی پەتای کۆڕۆنا، کۆمەڵێک بڕیاری نوێی دەرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١-٣-٢٠٢٠، لیژنەی رووبەرووبوونەوەی کۆڕۆنا لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریدا، هاتوچۆی هاوڵتیان لەنێوان پارێزگاکان قەدەغەبکرێت.
بەپێی ئەم بڕیارە لە رێکەوتی ١٤-٣-٢٠٢٠تاکو ٢٨-٣-٢٠٢٠، هاتوچۆی هاوڵاتیان لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم قەدەغە دەکرێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەکانە:
١.راگرتنی هاتوچۆکردنی هاووڵاتیان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جگە لە تیمە تەندروستییەکان و دیپلۆماتکاران، رێکخراوەکان و ئاژانسەکانی un، هێزە ئەمنییەکان و بازرگانەکان و بۆ هەر حاڵەتێکی دیکە پێویستی بە رەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان هەیە کە لە پارێزگاکان و یەکە سەربەخۆکان پێکهێنراوە بە سەرۆکایەتی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و ئەم راگرتنە لە نێوان 14-3-2020 تاوەکو 28-3-2020 بەردەوام دەبێت.
٢. سنووردارکردنی جموجۆڵ و هاوردەکردنی بازرگانی لە هەرسێ دەروازەی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و دەسەڵات دەدرێتە بەڕێوەبەری گشتی گومرگ بۆ رێکخستنەوەی جموجۆڵی بازرگانی بەشێوەیەک هیچ جۆرە بەرکەوتنێک لەنێوان هاووڵاتیان و شۆفێران دروست نەبێت.
٣. راگرتنی هاتن و چوون لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، جگە لە حاڵەتی زۆر پێویست کە ئەویش بە رەزامەندیی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان هەیە کە لە پارێزگاكان و یەكە سەربەخۆكان پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و ئەم راگرتنە لە نێوان 14-3-2020 تاوەکو 28-3-2020 بەردەوام دەبێت.
٤. ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی كوردستان كە لە كۆماری ئیسلامی ئێران ،تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە دوایین وادە بۆ گەڕانەوەیان 16-3-2020 دەبیت و لە 17-3-2020 تاوەکو 1-4-2020 رێگە بە كەس نادرێت لە ئێران بگەڕێتەوە.
٥. پێویستە هاووڵاتیان پابەندبن بە رێنماییەكانی خۆپاراستن لە ڤایروسی كۆرۆنا كە لەلایەن
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووه، بەتایبەتی كەمكردنەوەی گەشتەكانی نەورۆز و نابێت لە یەك خێزان زیاتر لە شوێنێك كۆببێتەوه.
٦. پێویستە دەستەی گەشتوگوزار ئەو شوێنە گەشتیارییانە و هاوینە هەوارەکان دابخات، كە دەبنە
هۆكارى گردبوونەوەی گەشتیاران و دروستبوونی جەنجاڵی.
٧. راگرتنی گشت چالاكییە وەرزشییەكان تاوەکو 1-4-2020 جگە لە خولی نایابی عێراق، كە هەندێك لە یارییەكانى لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و پێویستە یارییەكان بە بێ هاندەر بەڕێوەبچێت.
٨. دەسەڵات دەدرێتە پارێزگاكان بۆ رێكخستنەوەی بازاڕەكان، بە تایبەتی بازاڕە ميللیەكان و رێگرتن لە درۆستبوونی قەرەباڵخی.
٩. داوا لە هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكەین، كە پابەند بن بە هەموو رێنمایی و رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
١٠. راگرتنی گەشتی ئاسمانی لە هەر دوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی لەگەڵ فڕۆكەخانەكانی بەغدا و بەسرە، لە 14-3-2020 تاوەکو 28-3-2020 جگە لە دیپلۆماتکاران و شاندە فەرمییەکان و گەشتەکانی رێکخراوی un و هاوپەیمان.
١١.راگرتنی گەشتەکانی ھێلی ئاسمانی (اجنحة الشام) بۆ فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان و تەنھا رێگا بە 2 گەشت دەدرێت بۆ گەڕانەوەی ھاوڵاتییانی سوری بۆ سوریا.
١٢.ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.