نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی ٨ مامۆستای ئاینی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەهۆی پابەندنەبوونیان، ڕێکاری ئیداری پێویستیان لەبەرامبەر گیراوەتە بەر.
وێڕای ئەوەی حکومەت بۆ بەرگرتن بە تەشەنەکردنی پەتای کۆڕؤنا، نوێژی بە کۆمەڵیان راگرت، کۆمەڵێک مامۆستای ئاینی پابەندی رێنماییەکان نەبوون.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ڕاگرتنی نوێژی بەکۆمەڵ، ڕایگەیاند”٣١٧٤ مزگەوت لەهەرێمی کوردستان وتاری هەینییان تێدا پێشکەش دەکرێت، لەو ڕێژەیەش لە ٩٩% مزگەوتەکان ڕێنماییەکانی حكومەتی هەرێمیان وەک خۆی جێبەجێ کردووە، چەند کەسێ تاکو تەرا هەبوونە کە ڕێنماییەکانیان جێبەجێ نەکردووە، ئەو کەسانەش فەرمانبەری میلاکی وەزارەتی ئەو قاف نەبوونە و وەک خۆبەخش وتاریان پێشکەشکردووە”.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، دەڵێت”ئەو کەسانەش دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە، کە ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن لەبەر سەلامەتی خەڵک، بەڵێنیان دابوو ڕێنمایییەکان جێبەجێ بکەن، بەڵام بەشێکیان بەڵێنەکانیان نەبردەسەر، کە نزیکەی ٨ مامۆستایە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ، لە پارێزگاکانی دیکەش هەبووە، بەڵام کەمتربووە، هەر بۆیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقافی پارێزگاکانیانەوە ڕێکاری ئیداری پێویستیان لەبەرامبەر گیراوەتە بەر”.
نەبەز ئیسماعیل، داوا لەمامۆستایانی ئاینی دەکات، کە سەرپەرشتی کۆڕو کۆبوونەوە و نوێژی بەکۆمەڵ نەکەن و هاندەرنەبن، هەروەها پشتگیری هەموو بڕیار و ڕێنمایییەکانی حکومەتی هەرێم بن لەپێناو سەلامەتی هاوڵاتیان “مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم دوو هەفتەیە زۆر جددییە و حکومەتی هەرێم ،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێکارەکانی توندتر دەکات، مەترسییەکە ڕاستەقینەیە و تەنانەت کەعبەی پیرۆز چۆڵکراوە”.