چارەسازێکی دەرونی: دەزگاکانی راگەیاندن دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک دروست دەکەن

0

شلێر سەعید: هەولێر

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا جیا لە مەترسی، دڵەڕاوکێی خستۆتە ناو خەڵکەوە، دەرونناسێک دەڵیت: دەزگاکانی راگەیاندن هۆکاری بڵاوبوونەوەی بەشێک لەم دڵەڕاوکییەن.

بۆ مەبەستی خۆپاراستن لە کۆڕۆنا و هەم راگرتنی دەروندروستی و توشنەبوون بە دڵەڕاوکێ بەهۆی مەترسی ئەم پەتایەوە، کاروان کاکەڕەش چارەسازی دەرونی، لە گفتوگۆیەکی نوچەدا رێنماییەکانی دەخاتەروو.

نوچە : كۆرۆنا چەندە  كاری كردۆتە سەر ژینگەی دەرونی؟

كاروان: پرسیارێکی زۆر گرنگە چونکە کاتێک باسی ژینگەدەکەی،  واتە ژینگەو دەورو بەرەکەی بۆنمونە ئەو شتانەی لەگەڵیان دەژین کاریگەری لەسەرمیزاجمان  دەبێت.

 مرۆڤ جاری وایە بە شتێكی بچوك دڵ تەنگە  و جاری وایە ڕۆژەکە خۆرەتاوە دڵخۆشی دورست دەکات، یان خەڵکانێک بە ڕێکخستنی ماڵەکەی دڵ خۆشدەبێ و میزاجی بەرز دەبێتەوە و بە پێچەوانەوەش  جاری  وایە ژینگەکەت کاریگەری خراپی دەبێ لەسەرت. بۆ نمونە ژاوە ژاوی دەرەوە، واتە ژینگەو دەرونی تاکەکان هەماهەنگی هەیە و لێک جیا نابنەوە .

ئەو  ژیانەی ئێمە تێیدا دەژین پڕە لە کێشە و گرفت  و شەڕ، یان رووداوی سروشتی وەکو بومەلەرزەیە یان لافاو، کاریگەری دەبێت لەسەرمان و دەبێتە تەنگژە و دڵە ڕوکێ.

نوچە:  فشاری دەرونی چییە؟

كاروان: فشاری دەرونی بریتیە لەو فاكتەرە سترێسەی(تەنگژە)ی سەر ئێمە تا فشارەكە زۆر تر بێت كاریگەری زیاتر دەبێت، لایەنی دەرونیمان پێی تێكدەچێت و ڕەنگ دانەوەی لەسەر هەڵس و كەوتمان دەبێت، واتە لە ژینگەی ئێمە هەر فشارێك دروست دەبێت وەك فاكتەری دەرەكی  تاچەند قەبارەی زۆرتر بێت كاریگەری زیاتر لەسەردەرونمان زیاتر دەبێت، گۆڕانكاری لەسەر كەسایەتیمان دروست دەکات.

لەگەڵ ئەوەش دا ڕۆژانە فشارێكمان هەیە، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی باری دەرونیمان تێك بدات چونكە ڕۆژانە دەتوانین لەگەڵ  ئەو فشارە مامەڵەبكەین و زاڵ بین بەسەریدا، بەڵام ئەو فشارانەی لەسەرو خودی كەسەكانە دەبێتە هۆی دڵە ڕاوكێیەكی زۆر بۆمان، چونكە توانامان بەرامبەری كەمە.

نوچە : كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەردەرونی مرۆڤ و کۆمەڵگە چییە؟

 كاروان: ڤایرۆسی كۆرۆنا یەكێكە لەو فاكتەرە دەرەكیانەی لە ژینگەی ئێمە هەیە و كاریگەری كردۆتە سەر دەرونمان نەك هەر کۆمەڵگەی ئێمە، بەڵكو سەرانسەری جیهانی گرتۆتەوە و تا ڕادەیەك لەبەرامبەری دەستەو وەستانن، بۆتە هۆی تەنگژەیەكی دەرونی  زۆر ، بەڵام گەر بەراوردی بكەم لەگەڵ كۆمەڵگای خۆمان تەنگژەیەكە گەورەترە، چونكە متمانەی خەڵك كەمترە بەحكومەت بە  كەرتی تەندروستی ، هەمو ئەمانە دواجار فشارەكە زیاتر دەكات .

نوچە : هۆكاری تەنگژەی دەرونی بۆچ دەگەڕێتەوە؟

 کاروان: هۆكاری ئەم هەمو تەنگژەیە(سترێس)ە دەگەڕێنمەوە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، زۆر ڕەخنەم لێیان هەیە، چونكە كاتێك باسی بابەتەكە دەكەن ڕەچاوی دەرونی خەڵك ناكەن. ئێمە كۆمەڵگەیەكمان هەیە پێش كۆرۆناش خۆی لە دڵە ڕاوكێدایە خەمۆكی، تەنگژەی دەرونی و وەسواسی هەیە، كەواتە ئێستا دەزانین ئەو ڤایرۆسە چەندە كاریگەری كردۆتە سەر خەڵك، بەداخەوە ڕاگەیاندن وەك پێویست نییە و ڕەچاوی باری دەرونی خەڵک ناكات .

نوچە: كاریگەری تەنگژە دەرونییەكان، لە كەسێك بۆكەسێكی دیكە چونە؟

كاروان: كۆرۆنا یەكێكە لەو فشارانەی ئێستا لە ناو كۆمەڵگە هەیە و كاریگەری دروست كردووە، بەڵام لەكەسێك بۆكەسێك جیاوازە بە پێی كەسەكان هەندێك هۆكاری هەیە بۆ گرنگی دان بەخۆی و گەشبینە و هەندیكیش بە پێچەوانەوە.

نوچە : دەبێت تاكەكان چۆن بەرەو ڕوی ئەو تەنگژە دەرونیانە ببنەوە؟

كاروان : هەمو كێشەیەك لەلایەن تاكەكان وەڵام دانەوەیەكی هەیە بەرامبەر بە كێشەكان  خوا وای دروست كردوین، بۆنمونە  كاتێك مرۆڤ  لە شتێك دەترسێت، جەستەی ئیشارەت بە غودەی  دەدات كە هۆڕمۆنێك بڕێژێت  ئامادەی دەکات، یان بۆ ئەوەی ڕو بەڕوی ترسەكە ببیتەوە یان  لێی ڕابكات ، بۆیە کاردانەوەکانمان بەجۆرێک دەبن کە رەنگە هەندێجار كاریگەری لە سەردەرونمان دروست بكات وهەست بە دڵە ڕاوكێ و تەنگژەی دەرونی بكەین، وامان لێبكات وەك پێویست نەتوانین كارەكانمان ئەنجام بدەین.

 هەندێجار کاردانەوەکان جەستەییە هەست بە ئازار و سەرئێشە دەكەین، یان هەست بە ماندوێتی دەکەین و جەستەمان ئارەقە دەردەدات. ئەمانە کاردانەوەی جەستەیین بەرامبەر فشاری دەرونی.

هەندێجار وەڵام دانەوەكەی  زیاتر دەبێت و زیاد لە پێویست   ئەوكاتە كاریگەری لەسەر دەرون و جەستە و رەفتاری  كەسەكە دروست دەكات، بە شێوەیەكی نەرێنی ، ئێمە ئەوە زۆر ڕون دەبینین لەناو خەڵكدا، خەڵكێك هەیە شتەكانی زۆر گەورە كردوە زیاد لە قەبارەی خۆی ئەوەش دەرئەنجامی ئەو سترێسە زۆرەی بۆیان دروست بووە ، ئەوەش یان هۆكارەكەی ڕاگەیاندنەكانن یان بێ متمانەیە وەك پێشتر باسمان كرد، یان بێ گوێ نەدانی خەڵكە واتە دەبێ بەهەندی وەربگرین ئەوە گاڵتە نییە بەشێوەك كار نەكاتە سەر دەرونمان.

نوچە: ئێمە چیبكەین و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوفشارانە بكەین؟

كاروان: هەمیشە بۆ گرنگیدان بەخود لەبەرامبەر بە فشارە دەرونیەكان كۆمەڵێك شتمان هەیە، یەك لەوانە لایەنی ڕۆحی بەهۆی ئەوەی خەڵكی ئێمە زۆربەی دیندارن و هەر ئاینێكت هەبێ کاریگەری رۆحی هەیە ، كاتێك وەك مسوڵمانێك بیربكەمەوە كە من تا ڕۆژم تەواو نەبێ نامرم لایەنی ڕوحیم بەهێز دەكات و ترس و شڵە ژانم كەم دەبێتەوە.

خاڵێكی دیكە، پابەندبونمانە بەم ڕێنمایانەی دكتۆرە بەڕێزەكان بڵاوی دەكەنەوە، لە خاوێنی و تێكەڵنەبون و سەردانی ئەوانە نەكەین كە لە ئێران هاتونەوە… هەمو ئەوشتانەی دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسە  خۆمانی لێ بەدور بگرین.

هەروەها  زۆر بەگرنگی دەزانم، تكا دەكەم دوربكەونەوە لە گوێ‌ گرتن یان خوێندنەوەی هەندێ‌ نوسین و هەواڵ لە سایتەكان یان سۆشیال میدیا ، چونكە هەر كەسەو لە ئاستی خۆی شتێك بڵاودەكاتەوە و خۆمان بەزانا دەزانین لە هەمو بابەتێك ، لە ئەنجامدا ئەوە شَڵەژان و دڵە ڕاوكێ دروست دەكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com