لیژنەی نوسینەوەی دەستوور شەرعیەتی لەدەستداوە

0

ئەسعەد مورادی

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەستوور یەکێک لە ئەولەویەتی کارەکانی پەرلەمانی کوردستانە. دەشڵێت ”لیژنەکانی رابردوو لە رووی یاساییەوە کۆتاییان هاتووە و شەرعیەتیان نییە”.

لە پەرلەمانی كوردستان، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٥، لیژنەیەک بەناوی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، کە لە ٢١ ئەندام پێکهاتبوون، دەستبەكاربوون، ئەو لیژنەیە رەشنووسێکی بۆ دەستووری هەرێمی کوردستان ئامادە کرد و رێککەوتن لەسەر ٧٣ ماددە راگەیەنرا، بەڵام چەند ماددەیەک وەکوو خاڵی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان مابوونەوە، هەندێکیان پەیوەندییان بە پێگەی ئایین و ئەوانی دیکەش پەیوەندییان بە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جەلال محەمەد ئەمین، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کارکردن لەسەر لیژنەی نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بابەتی دەستوور یاسایی و سیاسییە و یەکێک لە ئەولەویەتی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان لەم خولەدا نووسینەوەی دەستوورە، کە بەوە جیاوازی و رکابەرییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کۆتایی دێت و لەو چوارچێوەیەدا یەکلا دەبێتەوە.

جەلال محەمەد ئەمین ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکوو ئێستا ئەو پرسە بە فەرمی لەناو پەرلەمان قسەی لەسەر نەکراوە، بەڵام ئەوەی هەیە، لایەنە سیاسییەکان ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ئەوەی لە دۆخێکی گونجاودا لیژنەی نووسینەوەی دەستوور پێکبهێنرێتەوە، چونکە لیژنەکانی رابردوو لە رووی یاساییەوە کۆتاییان هاتووە و شەرعیەتیان نییە، گوتیشی ”پەرلەمان لە بەرنامەیدایە بە شێوەی رێککەوتن لیژنەی نووسینەوەی دەستوور پێکبهێنێتەوە و سوود لەو ڕەشنووسەی کە پێشتر لە خولەکانی پێشوودا نووسراوە، وەربگیرێت”.

ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەشڵێت، بارودۆخی ئەو خولەی پەرلەمان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارن بۆ ئەوەی هەرێم ببێتە خاوەنی دەستوور، چونکە یەکدەنگی نیشتمانی بۆ پرسە چارەنووسسازەکان هەیە، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئەو ماددە دەستوورییانەی، کە پێشتر ناکۆکییان لەسەر بووە”. گوتیشی ”لەوانەیە لەم خولەدا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوور”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com