دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری نابێت

0

ئەسعەد مورادی

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دابەزینی نرخی نەوت کاتییە و ئەگەریش بەردەوام بێت تاوەکو ساڵێکی دیکە عێراق دەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی خۆی و هەرێمیش دابین بکات.

بەهۆی ئەوەی شادەماری ئابووری عێراق پێس بە داهاتی نەوت بەستووە، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت ئەم وڵاتە رووبەڕووی گرفتی جددی دەبێتەوە و تاکو ئێستاش جێگرەوەی یان هاوسەنگییەکی بۆ دانەناوە و پێناچێث بتوانرێ بە ئاسانی پشت بەستن بە نەوت کەم بێتەوە.

لە لێدوانێی تایبەت بە نوچە، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر دارایی عێراق و هەرێم رایگەیاند: عێراق لە بودجە بە رێژەی ٩٣٪ پشت بە نەوت دەبەستێت، داهاتە نا نەوتییەکانیش کەمە و هەمووی ناگاتە حکومەت، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە نرخی نەوت رووبدات، داهاتی عێراق کەم دەبێتەوە و لەگەڵ دابەزینی یەک دۆلار لە نرخی نەوت “عێراق رۆژانە ٣.٥ ملیۆن دۆلار زەرەردەکات”.

ئەحمەد سەفار ئاماژە بەوە دەدات، عێراق لە بودجەی ٢٠٢٠، ٥٢ بۆ ٥٧ ترلیۆن دینار کورتهێنانی دەبێت، ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیە دابەزێت، ئەوا کورتهێنانەکە دوو ئەوەندە دەبێت و پێشبینی دەکرێت کورتهێنانی بودجەی عێراق بگاتە ٧٠ بۆ ٨٠ ملیار دۆلار”.

سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو قەیرانە مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێم، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو قەیرانە و دابەزینی نرخی نەوت، ئەحمەد سەفار، دەڵێت “حکومەتی عێراق دەبێت پابەندبێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە یەک لەسەر ١٢-یە بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩، عێراق چۆن موچەی فەرمانبەرانی خۆی دەدات، دەبێت بە هەمان شێوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بنێرێت، کە مانگانە ٤٥٣ ملیار دینارە. هەر کاتێک عێراق نەیتوانی موچەی فەرمانبەرەکانی خۆی بدات، ئەوکات رەنگە کارتێکردنێکی نێگەتیڤ لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دروست ببێت”.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ئەو قەیرانە دروستبووە “قەیرانێکی کاتییە، چارەسەری دەکرێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتێک دەبێت ئێمە هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە عێراق ئامادەکاری بۆ بکەین، ئەگەر دۆخەکە هەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێ، حکومەتی عێراق بە درێژایی ساڵێک دەتوانێ موچەی فەرمانبەرانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەو نرخەی ئێستای نەوت بەبێ ئەوەی بچێت دەستکاری یەدەگی بانکی ناوەندی بکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com