نوچە
ئەمڕۆ ٢٩ ساڵ بەسەر راپەڕینی هاووڵاتیان و رزگارکردنی هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان تێپەڕدەبێت.
بە رزگارکردنەوەی شاری هەولێر، راپەڕینی گەلەکەمان، کە
لە رۆژی ٥-٣-وە لە رانیە و دواتریش بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان راپەڕین دەستی پێکرد، چووە قۆناغێکی نوێ و سەرکەوتنی گەل.
لە ١١ی ئاداری ١٩٩١ دا، جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەکەکانی راپەڕین (ئەوکات حەوتی نیسان بوو)، شۆڕش و مەلایان” ڕژانە سەر شەقامەکان و بارەگاکانی ڕژێمی بەعس.
تا ئێوارەی ئەو رۆژە، خەڵکی راپەڕیو بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە، دائیرەکانی ئەمن، جەیشی شەعبی، ئەمنی تەواری، مەنزوومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیسیان رزگار کردەوە. چەکدارانی بەعس لە دایەرەی ئەمن و مەنزومەی شیمالی هەوڵی بەرگرییان دا و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژرا.
هەر لە ئێوارەی ھەمان ڕۆژ، فەیلەقی پێنج و سەربازگەی ھەولێر کۆنتڕۆل کرا. کە ئێستا گەڕەکی بەختیاری و پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شوێنی سەربازگەکە دروست کراون.