ئەسعەد مورادی
پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا رایدەگەیەنێت، هاتنی بەرپرسانی باڵای بۆ بەغدا بەمەبەستی بەكارهێنانی فشارە لەسەر شیعەکان.
سەردان و چاوپێكەوتنەكانی عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ لایەنەكانی شیعە بەتایبەتی، كە دەرهاویشتەی سیاسی لە خۆدەگرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتە ئاڵۆزەكان وەكو یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران و ناكۆكیەكانی ناو ماڵی شیعە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عیراق و ئەندامی سەرکردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەبارەی سەردانی شەمعخانی بۆ بەغدا رایگەیاند: هاتنی شەمخانی بۆ بەغدا بەمەبەستی بەكارهێنانی فشارە لەسەر هێزەكانی شیعە تاكو خۆیان یەكبخەن بۆ كاندیدكردنی جێگرەوەیەك بۆ سەرۆكایەتی وەزیران.
موسەنا ئەمین دەڵێت، بێگومان یەكخستنی ماڵی شیعە بۆ پاڵاوتنی یەك كاندید و بەردەوامبونی پرۆسەی سیاسی لە عیراق لە كارە هەرە پێشینەكانی ئێرانە و ئەگەر ئەم پرۆسەیە پەكی بكەوێت، رەنگە بەشێوەیەكی نەرێنی بەسەر بەژەوەندیەكانی ئێرانیشدا بشكێتەوە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکگرتوو پێیوایە، لە دوای لەدەستدانی قاسم سولەیمانی، ئێران پیاوێكی بە هێز و كاریزمای وەكو ئەوی نەماوە، كە بتوانێت ماڵی شیعە یەكبخات بۆ كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیران یان چارەسەركردنی بابەتێكی سیاسی. دەشڵێت ”رەنگە شەمخانی بەو مەبەستە سەردانی بەغدای كردبێت، یاخود ئەجێندای دیكەی بەدەستەوەیە”.