نوچە
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری هەولێر تۆمارکراوە کە کەسێکی ٢٥ ساڵە و قوتابی بووە لە وڵاتی ئێران.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی:
وەزارەتی تەندروستی: قوتابییەکی 25 ساڵان لە هەولێر تووشی کۆرۆنا بوو
ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (١٢)
سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوی COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، تیمەکانی تەندروستی بۆ گەڕان و پشکنینی گومانلێکراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە ڕۆژانە بەردەوامن بەمەش :
1. ژمارەی هاوڵاتیان کە لە کەرەنتینەکان بوون (٣٠١٥) هاوڵاتین لە (٢٩) شوێنی جیاواز کە لە ئێستادا تەنها (١٠١٤) هاوڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە و (٢٠٠١) هاوڵاتی دەرچوون و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە.
2. لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو پشکنین بۆ (٤٩) گۆمانلێکراو ئەنجامدرا لە نێویاندا (١) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 یە، کە پیاوێکی تەمەن (٢٥) ساڵە قوتابیە لە ووڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە و پێشتر لە شاری سلێمانی کەرەنتین کرابوو. لە کەتی ئێستادا ژمارەیەك گومانلێکراوی تر لە ژێر پشکنین دایە لە کاتژمێرەکانی داهاتوو دەرەنجامەکان دەردەچێت.
3. لە ئێستادا هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان تەنها (١٤) حالەتە، لەنێویاندا (١) مردن هەیە و (١) نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە وە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان و باری تەندروستیان جێگیرە.
جەخت دەکەینەوە کە هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن بەتایبەتی نەڕۆیشتن بۆ شوێنی قەلەبالغ و بەرنەکەوتن لەگەڵ کەسانی دیکەو بەردەوام دەست شوشتنی تەندروست هەروەها پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) لەکاتی پێویستدا.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٩ی ئازاری٢٠٢٠