شلێر سەعید: هەولێر
ئەندامێكی پەرلەمان دەڵێت، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت هەرێمی کوردستنانیش بەر ئەو شەپۆلە دەکەوێت و کاریگەری ڕاستەو خۆی نەرێنی دەبێت.
دوای شکستی ئۆپێک پڵەس بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان لە یەکەم رۆژی هەفتەدا، بەرمیلێک نەوتی خاو بە رێژەی زیاتر لە 30% نرخەکەی لەدەستدا.
گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 28.69% بۆ ئاستی 32.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، و کە ئەوە کەمترین ئاستیەتی لە مانگی شوباتی ساڵی 2016ـەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت، کاروان عەبدولرەحمان لە لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، دەربارەی دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بێگومان دابەزینی نرخی نەوت لەدنیادا کاریگەری زۆری هەیە و کاریگەری ڕاستەو خۆی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێ، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان زیاتر پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت .
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت: هەرێمی کوردستان بەرو بومی سەربەخۆی ناو خۆیی نییە تا بەکاری بێنین بو بودجەی ناوخۆیی، بۆیە زیاتر پشت بە داهاتی نەوت دە بەستین و بەشێکی زۆر لە موچەی فەرمانبەران کە وەزارەتی دارایی دابینی دەکات لەسەر داهاتی نەوتە. بۆیە کاتێک نرخی نەوت دادبەزێ هەرێمی کوردستنانیش بەر ئەو شەپۆلە دەکەوێت.
سەرەڕای ئەوەی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بە ناڕەزایی روسیا بۆ کەمکردنەوەی ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە شکستی هێنا، سعودیەش رایگەیاندبوو کە نرخی نەوت بۆ مانگی نیسانی داهاتوو دادەبەزێنێت، هاوکات بە گوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان ریاز، بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە بەرزدەکاتەوە.
کاروان عەبدولڕەحمان سەبارەت بە داهاتی هەرێم جەختی کردوە، ئێمە پشتمان بە و گرێ بەستە هاو بەشانەی نەوت بەستووە و حکومەت لەوەوە پارەی دەست دەکەوێت ئەگەر نرخ دابەزێ بێگومان پارەی هەرێمیش کەم دەکات.