برایەكی مەلا كرێكار داوای هەڵوێست لە كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزووتنەوە دەكات

0

efbb13e5b36e33c895147463ad5827afdb9c4e7a1eee99db3f6df3048479c7a3برایەكی مەلا كرێكار داوای هەڵوێست لە كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزووتنەوە دەكات

نوچە: هەولێر

برایەكی مەلا كرێكار داوای هەڵوێست دەربارەی دەوڵەتی كوردی لە هەر سێ‌ حیزبە ئیسلامییەكەی باشووری كوردستان دەكات و پێیان دەڵێت “دەتانەوێ كە دەوڵەتی كورد دروستبو ئەو كاتە پیرۆزبایی لێ بكەن؟ زۆر لە مێژە سكولاریستەكان دەڵێن ئینتیمای نەتەوەیی لە باكگراوندی ئیسلامییەكاندا نییە. ئێوە لە كوردستان دەژین و هەوای كوردستان هەڵدەمژن و لە خێری نەوت و سامانە گشتیەكانی ئەو وڵاتە دەخۆن و، مەكینەی حیزب و میدیاكانتان بە پارە و قوتی ئەو میللەتە كار دەكەن. مانای چییە ئێستا بێدەنگن؟”.
خالید رەنجدەر برای مەلا كرێكاری رابەری پێشووی گرووپی ئەنسار ئیسلام، لە وتارێكدا كە لە ماڵپەڕی دووربینی نزیك لە مەلا كرێكار بڵاوی كردۆتەوە، داوای هەڵوێست دەربارەی درووستبوونی دەوڵەتی كوردی لە كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی دەكات و پێیان دەڵێت مێژوو شوێنێكی باشتان بۆ تەرخان ناكات.
لە نووسینەكەدا هاتووە، هەر یەكە لە ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و یابان و تەنانەت عبدالفتاح السیسی سەرۆكی ئێستای میسریش هەڵوێستی خۆیان بە باش و خراپ نواندوە و لە ناویشەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پەكەكە و پەیەدەش حیزبایەتی و دژایەتی خودی مەسعود بارزانی بەرچاوی گرتون و، خۆیان لەو ڕاستیە لادەدەن كە كورد ستەمی لێكراوە و كاتی ئەوە هاتوە ببێتە خاوەنی دەوڵەت و قوربانی بۆ داوە. ئەوانیش هەوڵی تۆقاندنی میللەتی كورد دەدەن بەوەی ئەگەر دەوڵەتی كوردی ڕابگەیەندرێت هەمو دەخورێین .
هەر لەو نووسینەدا هاتووە “ئیسلامییەكانی كوردستان ئێوە خۆتان بۆ كەی هەڵگرتوە؟ دەتانەوێ كە دەوڵەتی كورد دروستبو ئەو كاتە پیرۆزبایی لێ بكەن؟ زۆر لە مێژە سكولاریستەكان دەڵێن ئینتیمای نەتەوەیی لە باكگراوندی ئیسلامییەكاندا نییە. ئێوە لە كوردستان دەژین و هەوای كوردستان هەڵدەمژن و لە خێری نەوت و سامانە گشتیەكانی ئەو وڵاتە دەخۆن و، مەكینەی حیزب و میدیاكانتان بە پارە و قوتی ئەو میللەتە كار دەكەن. مانای چییە ئێستا بێدەنگن؟”.
خالید رەنجدەر روو دەكاتە ئەو سێ‌ لایەنە ئیسلامییە و لێیان دەپرسێت، ئایا لە وڵاتانی ئیسلامی دەترسن، یان هەر باوەڕتان وایە كە ئاشكراكردنی هەستی نەتەوایەتی لەگەڵ ئیسلامدا ناگونجێت؟
ئینجا دەنووسێت “ئێوە بۆ سەیری وڵاتانی عەرەبی ناكەن كە لەسەر بناغەی نەتەوەیی دروستبون و ئەو هەمو زانا موسوڵمانەشی لێ دەژی و ئێمەش بوێری ئەوەمان نییە بڵێین ئیوە لە دەوڵەتی عەلمانی نەتەوەییدا دەژین و فەتواتان لێ وەرناگرین چونكە ئازاد نین و لە بن ڕكێفی ڕژێمەكانتانن ، ئێوە بۆ قەدری ئەم خاك و ئاوە نازانن؟ بۆ وا بێدەنگن؟ دەوڵەت هەر بۆ مەسعود بارزانی و پارتی نابێت؟ دەوڵەت بۆ میللەت دەبێت. ئێوە ئاوڕێك بۆ دواوە بدەنەوە و بزانن لە سەرەتای ساڵانی حەفتاكاندا ڕژێمی بەعسی دیكتاتۆر نەوتی عێراقی خۆماڵی كرد و، گوشارێكی سیاسی و ئابوری كەوتە سەر گەلی عێراق بە كوردیشەوە، بەڵام ئەوەتا ئەو حیزبە گۆڕی ونبو و نەما. نەوتی عێراقیش بۆ عێراقییەكان مایەوە و لە دەستی دەرەكی دەرهێنرا ئەگەرچی داهاتەكەی درا بە چەك و میللەتی بێ قڕ كرا و، ئەوانەی كە ئێستاش دەسەڵاتدارن خستویانەتە خزمەتی ململانێ و شەڕی مەزهەبیەوە”.
براكەی مەلا كرێكار پێشنیارێك ئاراستەی ئەو سێ‌ لایەنە ئیسلامییە دەكات و دەنووسێت “ئیسلامییەكانی كوردستان من پێشنیارێكتان بۆ دەكەم: هەستن بە خۆتان و حیزبەكانتانەوە بڕۆنە هەر وڵاتێكی عەرەبی یان دراوسێ كە پێتان وایە پشتتانن و لەوێوە ئەوەی ئیستا لە كوردستان دەیكەن و ئازادیتان وەگرتوە لەوێش بیكەن، بزانن چۆن لە زیندانەكان توند دەكرێن، لەبەر هیچ چالاكییەك نا، بەڵكو لەبەر ئەوەی كوردن. بزانن ئیسلامەتیتان بۆ دەخوێننەوە؟”.
لە كۆتایی نووسینەكەیشیدا هاتووە “بەڕاستی مێژو لاپەڕەیەكی باشتان بۆ تەرخان ناكات ئەگەر هەڵوێستتان نەبێت؟ بونی دەوڵەت پەیوەندی بە حیزبایەتی و كەسایەتی و ئۆپۆزیسیۆنی و ململانێەوە نییە لەسەر دەسەڵات. پەیوەندی بەچارەنوسی میللەتێكەوە هەیە. پەیوەندی بە ویژدان ئاسودە كردن و تۆماركردنی هەڵوێستەوە هەیە لە كاتی خۆیدا. تكایە ئەو بێدەنگییەشتان مەخەنە پاڵ خەمساردی نەتەوایەتیتان و، مەمانكەن بە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی و پاشكۆییەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com