شلێر سەعید : هەولێر
٩ی ئازار یادی راپەڕینی جەماوەی قەزای کۆیە-یە دژی رژێمی بەعس، لەم رۆژەدا ٢٥ هاوڵاتی ئەم شارە شەهیدبوون.
مانگی ئازار بە مانگی یاد و بۆنە خۆش و کارەسات ئامێزەکان بۆ گەلی کورد ناسراوە. لەم مانگەدا خەڵکی راپەڕینی سەرتاسەری دژی رژێمی بەعس ئەنجامداو سەرکەوتوبوو. ئەمساڵ بەهۆی رێگەرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، سەرجەم یادو فیستڤاڵەکان راگیران.
٩ی ئازار، ساڵڕۆژی ئازادكردنی شاری كۆیە-یە، لەم ڕۆژەدا وەك هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان، سەرلەبەیانی بانگی ڕاپەرین درا، کۆیە لە پێناو ئازادی ٢٥شەهیدی دا جگە لە برینداربونی چەندین پێشمەرگەو هاوڵاتی .
لە لێدوانێكی تایبەت، یوسف حەسەن كەڵكانی قائیمقامی قەزای كۆیە، وێڕای راگەیاندنی پیرۆزبایی بۆخەڵکی شارەکە گوتی: ئێمە ئامادەكاریمان بۆ ئەنجامدانی مەراسیمێکی شایستە کردووە، بەڵام بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هیچ مەراسیم و گردبوونەوەیەک ئەنجام نادرێت. تەنیا وەك قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدان ،تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی ڕاپەرین دادەنێن.
یوسف كەڵكانی، ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵكی کۆیە ٢٥ شەهیدی بۆ ئازادکردنی شارەکەی داوە، ئێمە ئەم یادە بەرز رادەگرین و لە ڕیگەی مەڵپەڕەكەتانەوە داوادەكەم، خەڵكی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لە قەرەباڵخی و تێکەڵبوون بپارێزن.