یادەکانی ٨ی مارس ئەنجام نادرێن

0

شلێر سەعید : هەولێر

٨ی مارس، رۆژی جیهانی ئافرەتان، رۆژی ناساندنی پرسی ئافرەت بە کۆمەڵگە ،  سەرەتای وەرچەرخانێک بۆ گەشەکردن و هاتنە مەیدانی ئافرەتان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان لەچوارچێوەی یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

ئەگەرچی لەئێستادا هەموو جیهان لە هەوڵی بەرجەستەکردنی یەکسانی رەگەزی لەناوژیانی کۆمەڵگەدایە و تواناسازی ئافرەت بوویتە پێوەرێکی پێشکەوتوویی وڵاتان، بەڵام هیچ وڵاتێک نییە کە یەکسانی تێیدا بەتەواوی بەرجەستە بووبێت، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆهەبوونی ئەو رێگریانەی بەناوی کلتور و ئایدیا جیاوازەکانەوە هەیە و، بوونەتە بەربەست بۆ هاتنەکایەی یەکسانی رەگەزی لەکۆمەڵگەدا.

٨ی مارس ١٩٠٨ دوای نیو سەدە، ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لە ساڵیادی ئەو مانگرتنانە، بەهۆی  هەژاری و فشاری زۆری کار و  کەمی كرێی كارەكەیان،  دەستیاند ایە مانگرتن. خاوەنی کار و پاسەوانەکانی کارگەکە بۆ سەرکوتکردنیان و ڕێگری كردن، ئەو ژنە مانگرتوانە لە شوێنەکەی خۆیان دەستبەسەر دەکەن، بە هۆکاری نەزانراو ئاگر لە کارگەکە دەکەوێتەوە و تەنها ژمارەیەکی کەم ڕزگاریان   دەبێت، ١٢٩ کرێکاری ژن لە ئاگردا گیان لەدەست دەدەن.

لە ئەورووپا، دووەمین کۆنفرانسی سوسیالیستی نێونەتەوەی ژنان، کە بە بەشداری سەد ژن لە ١٧ وڵاتی جیهانەوە هاتبوون، بە پێشنیازی کلارازتکین ژنە سوسیالیستی ئاڵمانی لە ٢٧ی ئاگۆستی ١٩١٠لە کۆپێنهاک ڕۆژی ٨ی مارس، دەستنیشانکرا وەک ڕۆژی ژن بۆ بەرگری لە مافەکانیان بە گشتی لە بەرانبەر هەڵاواردنی رەگەزی.

کوردستانیش لەم خەبات و گۆڕانکارییە سیاسی، کۆمەڵایەتییانە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بێبەری نەبووە و بە درێژایی مێژوو، ژنان لە ئاستی بزووتنەوە و پارتە سیاسییەکاندا شانبەشانی پیاوان لە سەنگەری داکۆکی لە مافی نەتەوەی کورددا خەباتیان کردووە و هاوکات داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەی مافەکانی خۆشیان بوون.

پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١لە باشووری کوردستان، ژنان بوونە خاوەن پێگەی تایبەت و لە ئاستی دەسەڵات، دامودەزگاکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسین و ڕۆژنامەنووسیدا هاتنە مەیدان و قۆناغیکی باشی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بڕیوە و تەنانەت لە ئاستی پۆستە سیاسییەکانی وەک وەزیر و بەڕێوەبەر و قائیمقام، لە هەرێمی کوردستان ژنان لەناو دەسەڵاتی سیاسی ڕۆڵیان هەیە و ئێستاش سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە ژنان پێکهاتووە.

وێڕای هەموو ئەم دەسکەوت و گۆڕانکارییانە، لە کوردستان هێشتا پێشێلکاری و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە ئاستی جیاوازدا هەر بەردەوامە، لە بەرانبەردا خەباتی یەکسانیخوازی بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان و سڕینەوەی ئەو توندوتیژییە لەلایەن ژنان و پیاوانی کوردەوە بەردەوامە و قۆناغی باشی بڕیوە.

ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا هیچ چالاکییەک لەم یادەدا ئەنجام نەدرا، ڤیان سولەیمان سەرۆكی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان  پەیامێكی لە واڵی تایبەت بەخۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە ڕایگەیاندوە : لەبەر پارێزگاری باری تەندروستی ئەندامانمان و پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پابەندبون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێویستمان زانی پلان و بەرنامەی چالاکییە مەیدانی و جەماوەری و  سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکان بۆ هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان جێبەجێ نەکەین.

سەرۆکی یەکێتی ئافرەتان  لە پەیامەكەی داوا لە ئەندامانیان دەکات، کە بە تەواوی پابەند و سەرمەشقی خۆپارێزی و جێبەجێکاری ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و بەوپەڕی هەستکردن بە گیانی بەرپرسیاریەتی هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندرووستی بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان.

ڤیان ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە بۆ پیرۆزکردنی ئەم یادە گرنگ و پیرۆزە، هێز و فشار و داخوازیمان بۆ یەکسانی و کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەخەین و بەڵێن دەدەین، درێژەپێدەری ڕێڕەوی خەباتی دەیان ساڵەی پێشینانمان بین لە تێکۆشەرانی یەکێتی ئافرەتان و هەوڵی بێ وەستان بدەین، بۆئەوەی یەکێتی ئافرەتان وەک هەمیشە پێشەنگی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و سەرمەشقی بزووتنەوەی یەکسانخوازی ئافرەتانی کوردستان بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com