شلێر سەعید: ھەولێر
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: خۆاپاراستن بێ ورەیی و ترسنۆکی نییە بەڵکو ژیری و تێگەیشتنە لە دۆخەکە.
دوای تۆمارکردنی حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لە هەرێمی کوردستان سەرجەم دام و دەزگاکان لە هەوڵی هوشیارکردنەوەی هاوڵاتیانن و داوادەکەن خۆیان لە شوێنە قەرەباڵخەکان بپارێزن.
موسلیم عەبدوڵلا، لە لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. بەنوچەی گوت: خۆپاراستن ژیری و تێگەیشتنە لە دۆخەکە، نەک ترسنۆکی و بێ ورەیی، داوا لە هاوڵاتیان دەکەم بۆ پاراسنتی خێزان و کۆمەڵگە خۆپاریزی بکەن.
موسلیم عەبدوڵڵا دەڵێت: ھەرکەسێک لەلایەن خۆی و خێزان و دەورووبەری خۆیەوە ھەوڵی خۆپارێزی بدات ، بەدیار بڕیاری حکومەتەوە بۆ خۆپارێزی مەوەستن کە بزانن کەی شوێنەکان دادەخات، تا ناچار بکرێی بۆی نەچی.
ئەو پەرلەمانتارە، لەلیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی نوچەوە بەچەند خاڵێک چەند ڕێنمایی ئاراستەی خەڵک دەکات .
ھەوڵبدەن ماوەیەک :
١- خۆتان بەدوور بگرن، لە شوێنی قەڕەباڵغ و کۆبوونەوەی خەڵک .
٢- خۆتان و منداڵەکانتان ڕابھێنن، لەسەر خۆپارێزی و پاک و خاوێنی ، گرنگیدان بە دەست شوشتن و کەمکردنەوەی تێکەڵی لەگەڵ منداڵانی تر .
٣- تا پێتان دەکرێت ئەوماوەیە بۆنە خێزانیەکانی وەکو ژن و ژنخوازی بوەستێنن بەوشێوەیەی کە ھەیە، لە تێکەڵی و کۆبونەوەی بەکۆمەڵ .
٤- ھاوکاربن لەگەڵ ئەو ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیانەی کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان گرتوویانەتەبەر، لەو شوێنانەی کە داخراون و لەو شوێنانەشی کە لەبەرنامەدایە لەداھاتوودا دابخرێن ، بێگومان ھەموان تەواوکاری یەکن لە پڕۆسەی خۆپارێزیدا .
٥- تا ماوەیەک خۆتان بەدووربگرن لەھەر چالاکی و سیمینارو خول و ھاوشێوەیان، کە ھۆکارن بۆ تێکەڵی و کۆبوونەوەی ناتەندروست لە ئێستادا .
٦- کەمتر کۆببنەوە لەشێوەی بانگھێشت کردن و چوون بۆلای یەکتر، بەتایبەت کۆبوونەوەی بەکۆمەڵی ناو ھۆڵ و یادە خێزانییەکان .
٧- ھەوڵبدەن وەرزشە بە کۆمەڵەکان ڕابگرن، بەتایبەت کۆمەڵگا وەرزشیە داخراوەکان .
٨- تکایە ئەو بەرنامە تەلەفزیۆنیانە ڕابگرن، کەھۆکارن بۆ کۆبوونەوەی بەکۆمەڵی ھەوادارو پێشبرکێی زانیاری و ئاھەنگی گۆرانی و ،،،ھتد
٩- بۆ شوفێرە بەڕێزەکان ھەوڵبدەن کە دەستەوانە، یاخود کلێنیکس، یان پارچە پەڕۆکێک بەکاربێنن بۆ دەستان لە پەمپی بەنزین، لەکاتی بەنزین تێکردندا .
١٠- ئەوانەی لە تاقیگەو نۆرینگە پزیشکیەکانن ، بە دیاریکردنی مەوعید نەخۆشەکان ببینن، مەبنەھۆکاری کۆبوونەوەی نەخۆشی زۆر لەیەک کاتدا .
١١- ئەم ماوەیە خۆتان بپارێزن، لە خواردنی دەرەوە و سەردانی کردنی چێشتخانەکان .
١٢- کەمکردنەوەی چون بۆ سەرتاشخانەکان و لەحاڵی چوونتدا ڕێکاری پێویستی خۆپارێزی بگرنەبەر .
١٣- زۆر نەچوون بۆ بازاڕەکان، بەتایبەت ئەو شوێنانەی ھۆکاری کۆبوونەوەی زۆری خەڵکن وەک و قەیسەری و مۆڵ .
١٤- تا پێتاندەکرێت مامەڵەکانتان دواخەن و قەڵەباڵغی دروست مەکەن لەفەرمانگەکانی حکومەت .
١٥- لەحاڵی ھاتنەوەی ھەر کەسێک لە دەرەوە پێش چوونە ژوورەوە ، دەست و دەم و چاوتان ڕێک بشۆن تا منداڵان و ئەندامانی خێزان لە بەرکەوتنێکی نەخوازراو دووربن.
لە کۆتاییدا ، ھەر ھەوڵ و خۆپارێزیەک ڕاگەیێندراوە، شایانی دەستخۆشی و جێگەی ئومێدە ، بەڵام ھەر ھەوڵێک بە(تاکلایەنە) بە نیوەچڵی دەبینم تا ھەموان ھاوکاری یەکتر نەبین .