نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دابەزینی نرخی نەوت، کورتهێنان لە بودجەی عێراق زیاتر دەکات و کاریگەریشی لەسەر هەرێم دەبێت.
بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین، کە یەکێکە لە گەورەترین کڕیارانی نەوت، دواتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە وڵاتانی جیهادا، ڕۆژ بە ڕۆژ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان ڕوو لە دابەزین دەکات، ئەمەش مەترسی بۆ سەر بودجەی ئەو وڵاتانە دروست کردووە، کە بەشی زۆری داهاتەکەیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کورتهێنان لە بودجەیان زۆر زیاد دەکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دابەزینی نرخی نەوت لەبازارەکانی جیهان، ڕایگەیاند: بەو پێیەی عێراق یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی نەوت و لە ٩٠% داهاتی پشت بە نەوت دەبەستێت، بەدڵنیاییەوە دابەزینی نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بودجەی عێراق دەبێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، دابەزینی نرخی نەوت کورتهێنان لە بودجەی ٢٠٢٠-ی عێراق زیاتر دەکات و دەشڵێت “حکومەتی عێراق دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی گەورە لە بەرامبەر ئەو پابەندبوونە دارایییانەی، کە لە بەرامبەر هاوڵاتیان لەسەریەتی”.
شێروان میرزا گوتیشی “بۆ چارەسەری ئەم کورتهێنانە، دەبێت سەرچاوەکانی داهاتی عێراق جۆراوجۆر بکرێت، بۆئەوەی عێراق تەنها پشت بە نەوت نەبەستێت، پێویستە کەرتەکانی گەشت و گوزار، کشتوکاڵی و پیشەسازی، لە عێراق برەویان پێبدرێت و بەشێکی داهاتی عێراق دابین بکەن”.
سەبارەت بە کاریگەری دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، دەڵێت “ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، بەشێکە لە بودجەی ٢٠٢٠-ی عێراق و تا ئێستا چاوەڕوانی حکومەت نوێ دەکات، هەرکاتێک حکومەتی نوێ پێکهێنرا، بزانین بەهەمان شێوە دەمێنێتەوە یان دەستکاری دەکرێت، ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر هەموو بودجەی عێراق هەبێت، کاریگەریشی لەسەر هەرێم دەبێت”.