نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خواردنگە و چایخانەکان، ڕێنمایی کراون کەل و پەل و پێداویستی سەفەری بەکار بهێنن.
بەهۆی مەترسی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک ڕێکاری گرتنەبەر، جگە لەوەش لیژنەکانی قایمقامیەتی پارێزگاکان و دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاکان ڕۆژانە چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن.
لە لێدوانكی تایبەت بە نوچە، گۆران قادر، ئەندامی لیژنەی باڵای هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، سەبارەت بە جێبەجێ کردنی ڕێنمایییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، ڕایگەیاند: تاکو ئێستا ئەو ڕێنماییانەی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنا دەرکراون هەمان ئەو ڕێنماییانەن، لە ڕۆژی یەکەمەوە جێبەجێ کراون؛ ئەو شوێنانەی، کە بڕیاری داخستنیان لێدراوە، مەلەوانگە، هۆڵەکانی لەش جوانی و سەنتەرەکان، کافتریا و شوێنە گشتییەکان، نێرگەلە کێشان تیایاندا قەدەغەکراوە، هەروها چێشتخانە، خواردنگەکان و چایخانەکان ڕێنمایی کراون کەل و پەل و پێداویستی سەفەری بەکار بهێنن.
گۆران قادر ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێک کەس هەیە زۆر لە خاوەنی خواردنگەکان دەکات، کە خواردنی لە کەل و پەلی سەفەریدا بۆ نەهێنن، لەکەل و پەلی شووشە دا بۆی بهێنن، بۆ ئەوانەش ڕێنمایی پێویستمان داوەتە خاوەنی خواردنگەکان، کە چۆن ئەو کەل و پەلانە پاک بکرێنەوە، بەڵام بەکارهێنانی کەل و پەلی سەفەری لە چایخانەکاندا سەد لە سەد جێبەجێ کراوە.
ئەندامەکەی لیژنەی باڵای هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، گوتیشی “بەکارهێنانی دەستکێش و دەمامک بۆ ئەو کەسانەی، کە خواردن ئامادە دەکەن، یەکێک لەو خاڵانەی، کە بەهیچ شێوەیەک چاو پۆشی لێناکرێت، تا ئێستاش چەندین کەس لەسەر ئەو سەرپێچییانە ڕێکاری یاسایییان بەرامبەر گیراوەتەبەر. ئێمە دەستکراوە کراوین بۆ ئەوەی هەر شێونێک ڕێنماییەکانی وەک خۆی جێبەجێنەکات، ئەو شێونە دابخەین”.
هەروەها دەڵێت “تیمە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دانەبڕاوانە و بە بەردەوامی، بەشە و ڕۆژ لە کارداین بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەکانی تەندروستی و تیمەکانی ئاسایشی سلێمانی، هەندێک کاتیش مەفەرەزەکانی لیوای یەکی پاراستن پشتیوانیمان دەکەن، تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی پشکنینی چارەسەر و بەڕێوبەرایەتی گەشت و گوزار و تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی چاودێری بازرگانیمانیش لەگەڵدایە”.
گۆران قادر باسی لەوەشکرد، کە سەرجەم تیمەکانمان لە دیوانی قایمقامیەتی سلێمانییەوە دابەش دەکرێن بۆ ئەو شوێنانەی پێویستن و ئەو شوێنانەی، کە لە رێگەی هاوڵاتیانەوە یان دامودەزگاکانەوە سکاڵایان لە سەرە، لەیەکەم ڕۆژی دەرچوونی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناشەوە تا ئێستا هیچ چێشتخانە و خواردنگەیەک لە سلێمانی دانەخراوە بەهۆی پابەند نەبوون بەڕێنماییەکانەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کافتریامان داخستووە.