نوچە
بەبۆنەی ٢٩یەمین ساڵیادی راپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان کرد و رای گەیاند: ”راپەڕینی شکۆداری ١٩٩١ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا راپەڕی و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان گەیاند کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و نکۆڵیکردن لە مافە رەواکانی رەتدەکاتەوە“
جەختیشی کردەوە کە راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کوردستان بوو، دەسکەوتەکانی ئێستای گەلی کوردستان و ئەو ئاوەدانیی و پێشڤەچوونەی دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان و پێگەی دیاری هەرێمی کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەرهەمی شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستانە و لە نێویشیاندا راپەڕینی مەزنی ١٩٩١ کە ”پێویستە بە هەمان گیانی یەکڕیزی و یەکدەنگی راپەڕینەوە پارێزگاری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان بکەین“.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان.
ئەمڕۆ بیست ونۆ ساڵ بەسەر راپەڕینی مەزنی گەلی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ تێدەپەڕێت. بەم بۆنە شکۆدارەوە ، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم.
راپەڕینی شکۆداری ١٩٩١ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا راپەڕی و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان گەیاند کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و نکوڵیکردن لە مافە رەوکانی رەتدەکاتەوە.
راپەڕینی مەزنی ئاداری ١٩٩١ ، بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەموو چین و توێژ وپێکهاتەکانی کوردستان بوو ، دەسکەوتەکانی ئێستای گەلی کوردستان و ئەو ئاوەدانیی و پێشڤەچوونەی دۆزی رەوای خەلکی کوردستان و پێگەی دیاری هەرێمی کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ، بەرهەمی شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستان و لە نێویشیاندا راپەڕینی مەزنی ١٩٩١ ە کە پێویستە بە هەمان گیانی یەکڕیزی و یەکدەنگی راپەڕینەوە پارێزگاری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان بکەین.
ساڵیادی راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ پیرۆزبێت و کوردستانیش هەمیشە ئارام و ئاوەدان بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٣/٥