پەیامێک لە نێچیرڤان بارزانییەوە

0

نوچە

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی بیست و نۆیەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی باشووری كوردستان بڵاو كردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی بیستونۆیەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی باشووری كوردستان بڵاو كردەوە و تیایدا رایگەیاند: جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان، بە بۆنەی بیست و نۆيەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ئازاری ١٩٩١وە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانييان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەم.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت “ڕاپەڕین، کە یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی مێژووی گەلەکەمان، دەربڕی باوەڕ و خواستى گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەرفرازانە و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری بوو، ترۆپكی خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی گەل و یەکێتی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و سەرجەم خه‌ڵكی کوردستان بوو، پاراستنی دەستکەوتەکانیشی، ئەرک و بەرپرسیاريه‌تی هەموو لایەن و پێکهاتە و هه‌موو تاکێكی کوردستانه‌ و وەفادارییانە بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان و هەموو قوربانیيانی ڕێگای ڕزگاریمان”.

هەروەها لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە “کوردستانیيانی ئازیز، گیانی خۆڕاگری و بەرەنگاریی دلێرانه‌تان سه‌رباری ئه‌و لێبوورده‌ییه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕیندا نواندتان، زادەی هەمان ئەو کولتوورە مرۆڤدۆستانەیە کە ئیلهامبەخش و نەخشەڕێی سەرجەم بەرخودان و شۆڕشەکانی كوردستان بووه‌‌ به‌ ڕاپەڕینیشه‌وه‌. خەباتی ئێوە، هەمیشە هه‌ڵگری باوەڕ و نه‌ریت و به‌ها و جیهانبینییه‌كی بەرز بووه‌ کە شایانی ئه‌وه‌ن نەوە بە نەوەی ئەم گەلە، شانازییان پێوە بکەن. ئەوە ڕاپەڕین و خواستى ئێوە بوو کە سەلماندی مەحاڵە هیچ زه‌بر و زه‌نگ و سه‌ركوتكارییه‌ك بتوانێ شکۆ و خواستى گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی سەرفرازانە و ئامانجە نیشتمانیيەکانی، بشكێنێ”.

لە بەشێكی تری پەیامەكەدا دەڵێت “کوردستانیيانی خۆشەویست، ڕاپەڕین بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستیەیە، کە یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان و ئاشتەوایی ناوخۆ، هەمیشە گەلەکەمانی بەرەو سەرکەوتن و سەرفرازیی زیاتر بردووە، بۆیە بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە نیشتیمانیيەکان و مسۆگەرکردنی ژیانیکی شایستە بە خەبات و قوربانیيەکانی گەلەکەمان و ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانمان، دەبێ هەوڵی هەموو لایەن و پێکهاتە و هه‌ر تاکێکی کوردستان، لە خزمەتی پتەوکردنی زياترى گیانی تەبایی و بنەماکانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی و ئاشتیخوازیدا بێت”.

لە كۆتاییدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كردووە، كە یادی ڕاپەڕین ببێتە وزە و ئیرادەی زیاتر بۆ یەکڕیزی و تەبایی و خزمەتکردن بە گەل و وڵات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com