نەوزاد عەلی-سلێمانی
قایمقامی قەزای پێنجوێن ڕایدەگەیەنێت، ئەکەسانەی، کە لە باشماخەوە دەگەڕێنەوە هەرێم، لە پێنجوێن پشکنینی سەرەتایییان بۆ دەکرێت، دواتر ڕەوانەی سلێمانی دەکرێن.
حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند ڕێکارێکی گرتەبەر یەکێک لەو ڕێکارانەش کەرەنتینەکردنی ئەو کەسانەیە، کە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و دەبێت بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ژێر چاودێری ووردی پزیشیکیدابن، تا ئێستا پێنج حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، کە سەرجەمیان لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە و لە سنووری پارێزگای سلێمانین، یەک حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن، لە بارەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی، کە لە خاڵی سنووری باشماخەوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە پێنجوێن پشکنینی سەرەتاییان بۆ دەکرێت و فۆڕمی تەندروستییان بۆ پڕدەکرێتەوە، دواتر لەژێر چاودێری دەزگای ئاسایش، تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس، ڕەوانەی سلێمانی دەکرێن و لەوێ کەرەنتینەیان بۆ دەکرێت.
قیمقامی پێنجوێن ئاماژەی بەوەشدەکات، سەرجەم ئەوکەسانەی، کە سەردانی ئێران و وڵاتانی دیکەیان کردووە، ناوەکانیان لای وەزارەتی ناوخۆ هەیە، بە گشتی هاوڵاتان هاوکارن. هەندێک کەسیش، کە بەنایاسایی گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەستنیشان دەکرێن، دوای ئەوەی، کە پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت، ڕەوانەی سلێمانی دەکرێن.
سەبارەت بە گلەیی هاوڵاتیان لە شوێنی چاودێری کردنەکان زانا ڕەحمان دەڵێت “سەرەتا دەکرێت گلەیی هەبووبێت، بەڵام ئێستا زۆر بەباشی پارێزگاری سلێمانی، کە خۆی سەرپەرشتی دەکات، هەم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس، هەمووان وەک یەک تیم لە سنووری پارێزگای سلێمانی کار دەکەن و ڕێوشێنەکان زۆر باشترن و چاودێرییەکی باشتری ئەو کەسانە دەکرێت، کە لە ژێر چاودێریدان”.