نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەوپێیەی پیشتر عەبادی مەرجەعیەت قبوڵی نەبووە، ئێستاش شەقامی عێراقی کاندیدکردنی ئەگەرێکی زۆر لاوازە.
لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد تۆفیق عەللاوی، لەڕاسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئێستا لایەنەکان لەهەوڵی ئەوەدان کەسێکی دیکە ڕابسپێرن بۆ ئەو پۆستە، لەئێستاشدا ناوی چەند کەسێک دەهێندرێت، کە بەربژێربن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نێوێی عێراق، یەکێک لەوکەسانە کەناوی دەهێندرێت، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پیشووی عێراقە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە ئەگەری کاندیدکردنەوەی حەیدەر عەبادی، بۆ سەرۆک وەزیران، ڕایگەیاند”پێش عادل عەبدولمەهدی، عەبادی خۆی کاندیدکردبوو، خۆ کە سەری نەگرت ئەگەرێک هەبوو ئەو ئەگەرە چییە؟ ئێستاش هەمان ئەگەر ماوە، ئەوکاتە ئێران بەم کەسە ڕازی نەبووە و بە نزیکی ئەمریکای زانیوە”.
سەبارەت بەوەی کورد بە کاندید کردنی عەبادی پێی ڕازی دەبێت؟ جەمال کۆچەر، دەڵێت “پێش ئەوەی کورد پێی ڕازی بێت یان نا، دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین، ئایا مەرجەعیەتی شیعە بە کەسێکی جەدەلی سەیری دەکات؟، ئایا ئەم کەسە لەو کەسانە نییە، کە شەقامی عێراقی ڕەتیدەکاتەوە؟ بۆیە پێش ئەوەی کورد باسی ئەم بابەتە بکات، لەو بڕوایەدا نیم، کە شەقامی عێراقی و مەرجەعیەت قبوڵی بکەن”.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق جەختیشیکردەوە، بەو پێیەی عەبادی پێشتر پۆستی حکومی هەبووە و ئێستاش سەرۆکی حزبێکە و شەقامی عێراقی قبوڵی نابێت. هەروەها مەرجەعیەتی شیعەش بە نزیکی ئەمریکا دەزانێت، هەموو ئەم ئەگەرانە وادەکەن بڵێین، کاندیدکردنی عەبادی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەگەرێکی زۆر دوور و لاوازە.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی، ئەگەر شەقامی عێراقی و مەرجەعیەت قبوڵی بکەن، ئایا دەتوانێت سۆزی کورد جارێکی دیکە بەدەست بهێنێتەوە، گوتی”من پێموایە ئێستا کورد هیچ کەسێکی بلۆک نەکردووە، بەو شێوەیەی کە نەتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، کورد هەندێک مەرجی هەیە بۆ متمانەدان بەهەر کەسێک، کە دەبێت سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، ئەگەر ئەو مەرجانە قبوڵ بکات، بەمەرجێک کە شەقامی عێراقی و شیعەکان پێی ڕازیبن، چونکە بەربژێری ئەوانە ئێمە ڕێزی لێدەگرین”.