کەمپەکان مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەسەرە

0

نوچە

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی نووسینگەی ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) دەداتەوە و هۆشداری لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپەکان دەدات.

لە چەند ڕۆژی رابردوودا رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان (OCHA) لە راپۆرتێکی تایبەتدا، پلانی خۆی لەبارەی رەوشی راگوێزراوان لە عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە سەرەڕای ئازاکردنی زۆربەی ناوچەکانی دەست داعش و نەمانی دەسەڵاتی بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، بەڵام بەشێکی زۆری راگوێزراوان ئامادە نین بگەڕێنەوە و ژیانی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە باشتر دەزانن لە  گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان.

لە بەرامبەردا د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە، کە هێشتا لە ڕووی ئاسایشەوە ناوچەکە تاڕادەیەک ناسەقامگیرە و ژمارەیەکی زۆری شانەی نووستووی داعش هەن.

ئەوەشی وەبیر هێناوەتەوە کە لە دوای ٢٠١٤ەوە، هەرێمی کوردستان ڕێژەیەکی زۆری پەنابەری لەخۆوە گرتووە، بە جۆرێک کە ٢٣٪ی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەهۆی هاتنی ئاوارەکانەوە زیادی کردووە، ئەمەش قورساییەکی گەورەی خستووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ٣٩ کەمپی بۆ ئاوارەکانی عێراق و ٩ کەمپیشی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان تەرخان کردووە و ٧٠٪ی خەرجییەکانی کەمپەکان دابین دەکات، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا ٢٥٪ و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکەش تەنیا ٥٪ی خەرجییەکان دابین دەکەن.

لە راپۆرتەکەی دیندار زێباریدا، کە ئاماژە بە وردەکارییەکی زۆر دراوە، باسیش لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە، کە هەڕەشە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دەکات، بۆیە ”داوا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکەین، گرنگی بە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بدات، بەتایبەتیش لە کەمپەکان، کە ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و راگوێزراو لەخۆ دەگرن و ئەگەری تووشبوون بەم ڤایرۆسە لەو شوێنانە زیاترە و کۆنتڕۆڵکردنیشیان کارێکی ئاسان نابێت.

دووپاتیشی کردووەتەوە ”پێویستە هەوڵەکانی هەموولایەک بۆ دوورخستنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا چڕ بکرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بودجەی تایبەت بە یارمەتیدانی راگوێزراوان لە چەند کەرتێک بە رێژەی (٥٠%) کەم کرایەوە، کە کارێگەرییەکی زۆری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هەبووه”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com