شلێر سەعید: هەولێر
مامۆستایەكی ئایینی دەڵێت لە حاڵەتی كتوپڕ و هاتنی دەرد و نەخۆشیدا بڕیاردان لە هەڵگرتنی گوتاری هەینی یان كورتكردنەوەی یان نوێژی بەكۆمەڵ، كاری فەتوا و مامۆستایانی ئایینی نییە.
رۆژی سێشەممە( ٣-٣-٢٠٢٠) ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕاگرتنی وتاری هەینی لە هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد، بڕیارمان داوە وتاری نوێژی هەینی ڕانەگیرێت و تەنیا وتارەکان کەم بکرێتەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا، مەلا چەتۆ بەكر، پێش نوێژ و تارخوێنی، مزگەوتی گەورەی كۆیە، لەبارەی فتواكەی زانایانی ئایینی، بە نوچەی ڕاگەیاند: ئەوانەی فتوایان داوە كەسی بە تەقوا و بەتوانان و ئەو فتوایەی داویانە، بەپێی بەرژەوەندی ئەژماریان كردووە و كاتێك فتوا دەدرێت دەبێت بارو دۆخەكە هەڵبسەنگێندرێت و لە رووی فقیەوە دەڵێ ”لەو شوێنەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە دەتوانن نوێژخوێنان بچنە مزگەوت و بەشداری وتاری هەینی بن”.
سەبارەت بە پرسی بابەتەكە، نەخۆشییە دەبێ تەندروستی بڕیاری لەسەر بدات یان زانایانی ئاینی؟ مەلا چەتۆ گوتی ”ئەنجومەنی باڵای فتوا تەنها خۆی بڕیاری نەداوە بێگومان بەڕاوێژی تەندروستی بڕیاری داوە و داوا لەخەڵك دەكات پابەندی ڕێنمایەكان بێت”.
ئەو مەلایە ئەوەشی خستەڕوو، كە بەپێی فەرمودەی پێغەمبەر موحەمەد، هەركەس سیر و پیاز بخوات بانەیەتە مزگەوت لەبەر ئەوەی بەهۆی بۆنەكەی مسوڵمانان ئەزێت دەدا، ئێستا لەكاتێكدا كەسێك پەتای هەبێ یان پژمین و یان هەرگومانێكی هەبێت، كە نەخۆشە یان تووشی ڤایرۆسێك بووە، پێویستە نەیەتە ناو مزگەوت.
مامۆستا عەزیز غەفور پێشنوێژ و وتارخوێن و مامۆستای زانستە شەرعییەکان لە هەڵەبجە لە واڵی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك نوسیویەتی ”لە حاڵەتی كتوپڕ و هاتنی دەرد و نەخۆشیدا بڕیاردان لە هەڵگرتنی وتاری هەینی یان كورتكردنەوەی یان نوێژی بەكۆمەڵ كاری فەتواو و مامۆستایانی ئایینی نییە. دەشڵێت، ئەوە كاری وەزارەتی تەندروستییە.
لەبەشێكی دیكەی وتەكەی نوسیویەتی، كە چۆن ڕۆژو گرتن و نەگرتنی بۆ كەسی نەخۆش كاری پزیشكە ئەەوەش هەمان شتە، كارێكی نادروستە مامۆستایانی ئایینی و دینداران پەستان بخەنەسەر وەزارەتی تەندروستی نەهێڵێن بڕیاری تەندروست بدەن.
وەک هەنگاوێک بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆرنا، ئەنجومەنی باڵای فەتوا یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان، رۆژی سێشەممە کۆبووەوە و دوای تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی باباتەکە، ئەنجومەنی باڵای فەتوا بڕیاری لەسەرچەند خاڵیك دا، وەك پابەندی بوون بە ڕێنماییە تەندروستی و ئەمنییەکانی حکومەت، تایبەت بە خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆرنا.
راشیانگەیاند، بەپێی شەرع ناتوانرێ وتاری هەینی ڕابگیرێ، تەنیا لەو شوێنانە نەبێ، کە بەدڵنیاییەوە نەخۆشییەکەی لێ بڵاو بووەتەوە و دەبێتە پەتا، واتە وەبا، ئەوکات دەکرێ بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی ڤاریرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوقاف و تەندروستی و لیژنەی فەتوای سنوورەکە نوێژەی بە جەماعەت و وتاری هەینی لەم شوێنە ڕابگیرێت و کۆبوونەوە ئایینی و دینییەکانی دیکە بە پێویستییەکی شەرعیی دەزانین لەم بارودۆخەدا لە هەموو شوێنێک ڕابگیرێت و لە پرسەدا تەنیا بەشداریی شوشتن، ناشتن و نوێژکردنی تەرمەکان بکرێت و لەسەر گۆڕستان کۆتایی بە پرسەکە بهێندرێت.