نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ هەماهەنگی زیاتر فراکسیۆنەکانی بەشدار لە حکومەت ژوورێکی هاوبەش پێکدەهێنن.
فراکسیۆنەکانی بەشدار لەحكومەتی هەرێمی کوردستان، ژوورێکی هاوبەش لەپەرلەمانی کوردستان پێکدەهێنن، سەرۆكایەتی لیژنەی یاسایی و هەر فراكسیۆنێكی بەشدار لە حكومەت دوو ئەندامیان دەستنیشان دەكەن لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەی یاسایی بەیەكەوە لەو ژوورە هاوبەشە دەبن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دووستکردنی ژووری هاوبەشی فراکسیۆنە بەشدارەکانی حکومەت رایگەیاند: هەموو فراکسیۆنەکانی بەشدار لە حکومەت رێککەوتووین لەسەر درووستکردنی ژوورێکی هاوبەش لە پەڕلەمانی کوردستان، ئەم ژوورە هاوبەشە بۆ ئەوەیە هەموومان پێکەوە هەماهەنگیمان هەبێت، لەو پڕۆژەیاسایانەی کە پێشکەشیان دەکەین لە وەرزی نوێی دانیشتنەکانی پەڕلەمانی کوردستان.
هەورامی گوتیشی “ئامانجی سەرەکی پێکهێنانی ئەم ژوورە لێک نزیک بوونەوەی فراکسیۆنەکان و درووستکردنی کەشێکی ئارامە، تا هەماهەنگی هەبێت لە نێوانمان، بۆئەوەی سەقامگیری سیاسی لەناو پەرلەمانی کوردستاندا درووست بکەین، ئێمە پێمان خۆشە و پێشمانوایە سەرجەم لایەنەکان لەم کاتەدا پێیان خۆشبێت، کاری پێکەوەیی هەبێت لەپەرلەمان”.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختیشیکردەوە “سەرجەم فراکسیۆنەکان پڕۆژەیاسایان ئامادەکردووە، دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین، هەر فراکسیۆنێک بۆچوونی خۆی لەسە پڕۆژەکان دەخاتەڕوو، بڕیارە بەم نزیکانە ئەم ژوورە هاوبەشە کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات و بڕیار بدەین، کە چی بکەین”.