نوچە
ئه‌مڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ شاندێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كانی داعش کۆبووە.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه ٣-٣-٢٠٢٠) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ شاندێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كانی داعش به سه‌رۆكایه‌تیی ئەداما دیانگ راوێژكاری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ رێگریكردن له كۆمكوژیی، باسی له دۆخی ئاواره‌كان و تاوانانه‌کانی داعش و هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان کرد و جه‌ختی له گرنگیدانی زیاتر به مافی پێكهاته‌كان له ده‌ستووری داهاتووی هه‌رێمی كوردستاندا كرده‌وه.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لای خۆیه‌وه شاندی میوان پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی ئامانجی سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، سه‌ردانی مه‌یدانییان بۆ ناوچه زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی داعش و بینینی قوربانیانی ده‌ستی داعش و كه‌سوكاریان، كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی تاوانه‌كان و دادگاییكردنی تاوانباران پێشكه‌ش كرد.
شانده‌که هه‌وڵ و رۆڵی هه‌رێمی كوردستانیان له حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ ئەوان و ڕێخۆشكردن بۆ تیمه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه له تاوانه‌كانی داعش، به‌رز نرخاند.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، کە کەریم خان، راوێژکارى تایبەت و سەرۆکى تیمى نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش لە عێراق، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئامادەی بوون، هه‌ردوولا له‌سه‌ر به‌شداریكردنی پێكهاته‌كان له ده‌سه‌ڵات و ده‌رخستنی یاسای تاوانه‌كان له عێراق كه ئاسانكاری بۆ تیمه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكات، مسۆگەرکردنى پێکەوەژیان و ئاشتبوونەوە و بنیاتنانەوەى متمانە و پەیوەندیى نێوان پێکهاتەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونى وڵاتان لە چارەسەرکردنى ئەم کەیسانەدا، گرنگیدان بە بابه‌ته‌كانی پێكه‌وه‌ژیان و لێبوردن له بواری په‌روه‌رده و فێركرندا له عێراق، كۆك بوون.