نوچە
ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن لە جینۆساید و سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش کرد.
ئەمڕۆ (سێشەممە ٣-٣-٢٠٢٠)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لە ئيداما دیانگ، یاریدەدەر و راوێژکاری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن لە جینۆساید و کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش پێکهاتبوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە جێنۆساید و کۆمەڵکوژییەکان و بەتایبەتی تاوانەکانی داعش کرایەوە. هەروەها گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە لە دادگایەکی نێودەولەتیدا بە سزای یاسایی بگەن و مافی قوربانییەکانی دەستی تاوانەکانی داعش بپارێزرێت.
شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکان و پەرەپێدانی کولتووری پێەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە هەرێمی کوردستاندا.
