ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەبارەی گوتاری نوێژی هەینی بڕیاری دا

0

نوچە

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە کە گوتاری نوێژی هەینی بەردەوام بێت و دەشڵێت، ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن پلەی شەهیدیان هەیە .

ئەمڕۆ (سێشەممە ٣-٣-٢٠٢٠)، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە هەنگاوەکانی خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند بڕیارێک دەرکران، کە بریتین لە:

یەکەم: ئەرکی شەرعییە، کە هاوڵاتیان بەوردی پابەندی تەواوی رێنماییە تەندروستی و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، تایبەت بە خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا.

دووەم: بەپێی شەرع ناتوانرێت لە ئێستا وتاری هەینی مزگەوتەکان رابگرێت، تەنیا لەو شوێنانەن نەبێت، کە بە دڵنیاییەوە نەخۆشییەکەی لێ بڵاوبووەتەوە و دەبێتە (پەتا)، دەکرێت بەشێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی ڤایرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوقاف و تەندروستی و لێژنەی فەتوای سنوورەکە، نوێژی بە جەماعەت و وتاری هەینی رابگرن.

سێیەم: کۆبوونەوەی ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، وەک (ئیسڕا و میعراج، مەولوود خوێندنەوە، ئاهەنگەکانی بووک گواستنەوە، مەراسیمی پرسەدانان) بە پێویستییەکی شەرعی دەزانین و لەم بارودۆخەدا لە هەموو شوێنێک رابگیرێن، لە پرسەدا تەنیا بەشداری شووشتن و نوێژکردن و ناشتنی تەرمەکان بکرێت، لە سەر گۆڕستان کۆتایی بە پرسەکە بهێندرێت.

چوارەم: ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن پلەی شەهیدیان هەیە لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسە لە رێکارەکانی بەخاکسپاردنی بەپێی ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلام.

پێنجەم: ئەو کەسانەی نەخۆشن یان مەترسی تووشبوونیان هەیە دەتوانن ئەو ماوەیە تا نەخۆشییەکە دەڕوات بەشداری نوێژی هەینی و جەماعەت نەکەن.

شەشەم: پێویستە سەرجەم چالاکییەکانی تایبەت بە وانەگوتنەوەی ئایینی شەوانە و رۆژانە لە مزگەوتەکان و تەواوی ناوەندەکانی فێرکردنی قورئان و بابەتەکانی ئایینەکانی دیکە لەم قۆناغەدا هاوشێوەی قوتابخانەکان رابگیرێت.

حەوتەم: سەردانی نەخۆش نەکرێت و چ لە ماڵەوە یان لە نەخۆشخانە ، بە تەلەفۆن یان بە نامە ئەم سوننەتە ئەنجام بدرێت.

هەشتەم: هەموو ئەوانەی لەو وڵاتانە گەڕاونەتەوە کە ڤایرۆسەکەی تێدایە بە تایبەت لە ئێرانەوە، واجبێکی شەرعییە کە بە زووترین کات سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە نەخۆشییەکە و پاراستنی خۆیان و خێزان و هاووڵاتیان بە پێچەوانە گوناهبار دەبێت.

نۆیەم: هەر کەسێک گومانی ئەم ڤایرۆسە لە خۆی بکات، حەرامە تێکەڵی و سەردانی خەڵک بکات ، تەنانەت بۆ (جومعە و جەماعەت) تیش بێت، بەڵکو پێویستە بەزووترین کات سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکات.

دەیەم: داوا لە وتاربێژە بەڕێزەکان دەکەین لەو ماوەیەدا وتاری هەینی کورت بکەنەوە، هەروەها پاکوخاوێنی مزگەوتەکان زیاتر رابگیرێت و ئامۆژگاری هاووڵاتیان بکەن و دەستنوێژەکانیان لە ماڵەوە ئەنجام بدەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com