نەوزاد عەلی-سلێمانی
سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: یەکێک لەتەوەرەکانی کۆبوونەوەی سبەی گتفتوگۆکردنە لەسە پرسی ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی.
لە نوسراوێکدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە کردووە، سبەی سێ شەممە ٣-٣-٢٠٢٠ بۆ ئەنجامدانی ٥٨ مین کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەهۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن ئامادەبن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئەنوەر تاهیر، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنەکەیان، ڕایگەیاند”تایبەت دەبێت بە فراوانکردنی پانتایی هۆشیاری، بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست و دەستکراوەکردنی ئیدارەی خۆجێی، کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارێزگار و تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت بۆئەوەی رێوشوێنی زیاتر بگرینەبەر، بۆئەوەی پانتایی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان فراوانتر بکەین، بەجۆرێک لەجۆرەکان هۆشیاری بداتە تاک بەتاکی کۆمەڵگەکەمان، تا کەمترین زیانمان لەم ڤایرۆسە نەگریسە بەرکەوێت”.
سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەدەکات، بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەتی هەرێم هەندێک ڕێکاری گرتووەتەبەر و دەوامی فەرمانگەکانی کەمکردووەتەوە، بەڵام هەندێک فەرمانگە هەن فەرمانگەی پەیوەندیدارن و بەبێ ئەو فەرمانگانە خزمەتگوزاری دەوەستێت. ئەنوەر تاهیر دەڵێت”لە کۆبوونەوەکەی سبەی ئەنجومەنی پارێزگا، بەئامادەبوونی حکومەتی خۆجێی سلێمانی گفتوگۆی ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەکرێت و ڕاوێژ بەحکومەتی هەرێم دەکرێت، هەر ڕێکارێکیش لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندابێت دەیگرینەبەر”.